بە
لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاوڵاتییان حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی
بڕیاری لێخۆشبوون لە باجی گومرگری سەر ١٤ ماددەی خۆراکی تاکو کۆبوونەوەی داهاتووی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی خۆراک و کاڵاکان لە
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.
بە گوێرەی
نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم کە ئاڕاستەی سەرجەم دەروازە
سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، لەسەر بڕیاری ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی
و ئابووری حکومەتی هەرێم، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە باجی
گومرگری سەر ١٤ جۆر ماددەی خۆراکی، کە ئەمڕۆ بڕیاربوو ماوەی لێخۆشبوونەکەیان تەواوببێت.
لە
نووسراوەکەدا هاتووە، بڕیاری لێخۆشبوونی سەر ئەو ١٤ ماددە خۆراکییە درێژکراوەتەوە
تاکو کاتی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری
کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.
ئەمەش لەدوای
ئەوەدێت، پێستر حکومەتی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ باجی گومرگی سەر ٧٠ کاڵا و
خۆراک دەرکرد و بووە هۆی ئەوەی نرخەکانیان لە بازاڕدا بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە
دابەزین بکات.