بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی پارێزگای دیوانیە رایگەیاند، ژنێکیان دەستگیرکردووە کە بە بلۆک و پیک هاوسەرەکەی کوشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی پارێزگای دیوانیە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە لەبارەی کوشتنی هاوڵاتییەکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە قەزای شامیە، راستەوخۆ تیمێک پێکهێندرا بۆ لێکۆڵینەوە و بەداواداچوون".
ئاماژەی بەوەشداوە:" دوای پێکهێنانی تیمەکە کە لە چەندین هێزی ئەمنی جیاواز پێکهاتبوو، توانرا تاوانەکە ئاشكرابکرێت و هاوسەری کوژراوەکە دەستگیربکرێت".
باس لەوەشکراوە:" دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژنی کوژراوەکەدا کرا و بەڵگەکانی خرایە بەردەم، دانی بە تاوانەکەدا نا و وتی کەبەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کوشتوویەتی".
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوان دەڵێت:" بکوژەکە لەکاتێکدا تاوانەکەی ئەنجامداوە کە هاوسەرەکەی لە خەودا بووە و سێ جار بە پیک داویەتی بەسەریدا و لە کۆتاییدا بلۆکیشی بەسەر سنگیدا تا گیانی لەدەستداوە، دوای دەستگیرکردنیشی، بکوژەکە رەوانەی دادگا کرا بۆ گرتنی رێککاری یاسایی لە دژی".