پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی
هەماهەنگی ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار
کۆدەبێتەوە و پێش تەواوبوونی ئەم مانگەش حکومەتی نوێی عێراق پێکدەهێندرێت.
غەریب عەسکەری پەرلەمانتاری
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی
عێراق ئاماژەی بەوەکرد:" لە ئێستادا گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە گۆڕانکاری
بەردەوامدایە و لە چەند رۆژی دهاتووشدا لێکنزیکبوونەوەیەکی تەواو لەنێوان لایەنە
سیاسییەکاندا دێتە ئاراوە".
ئەوەشی خستەڕوو:" هەفتەی
داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە و پێش تەواوبوونی
ئەم مانگەش، حکومەتی نوێی وڵات پێکدەهێندرێت".
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە چەند
رۆژی رابردوودا چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، چاوەڕێی لایەنە کوردییەکان بۆ
گەیشتنە رێککەوتن لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار، بۆ ئەوەی کاتی دانیشتنی
پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی کاندیدی ئەو پۆستە دیاریبکەن.