یەکێکی دیکە لە بریندارانی تەقینەوەکەی گەڕەکی کازیوە گیانی لەدەستداوە؟ تەندروستی سلێمانی وەڵامدەداتەوە

کوردستان 20/11/2022

Alternate Text

دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاوکرایەوە، کە یەکێکی دیکە لە بریندارانی رووداوی تەقینەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی سلێمانی لە نەخۆشخانەی گیانی لەدەستداوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەسەر ئەو بابەتە هاتەدەنگ و رەتیکردەوە هیچ یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدابێت، راشیگەیاند، دۆخی تەندروستی سەرجەم بریندارەکان جێگیرە.

سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ BMC سەبارەت بەو دەنگۆیانەی گوایە، یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی رووداوی تەقینەوەکەی گەرەکی کازیوە لە نەخۆشخانەی گیانی لەدەستداوە، رایگەیاند:" پێنج برینداری رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی گەڕەکی کازیوە لە نەخۆشخانە ماون و تەندروستییان جێگیرە، ئەو دەنگۆیانەشی باس لە گیانلەدەستدانی یەکێک لەو بریندارانە دەکەن، بێ بنەمان و دوورن لە راستییەوە".

ئەوەشی خستەڕوو:" یەکێک لە بریندارەکان کە تەمەنی ١٧ ساڵانە، ئێوارەی ئەمڕۆ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری".

راشیگەیاند:" لەئێستادا یەك لەو پێنج بریندارە، لە ژێر چاودێری چڕدایە، بەڵام دۆخی تەندروستی بەرەو جێگیربوون دەڕوات و وابڕیارە سبەینێ دووشەممە، ئەویش لەو بەشە بگوازرێتەوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا