باشترین کات بۆ خواردنی ژەمی ئێواران، ئایا دروستە بە گەدەی بەتاڵەوە بخەوین؟

تەندروستی 22/11/2022

Alternate Text

ژەمی ئێوارە یەکێکە لە ژەمە سەرەکییەکانی مرۆڤ، کە پسپۆڕانی تەندروستی بۆ هەبوونی تەندروستییەکی باش خواردنی ئەو ژەمەیان لەسەر مرۆڤ پێویستکردووە، بەڵام بەشێک لە کەسەکان دوای خواردنی ئەو ژەمە و کەمێک بەر لە کاتی خەوتنیان هەست بە برسێتی دەکەن و پسپۆڕانی تەندروستیش هۆکاری ئەو برسێتییە ئاشکرادەکەن و ئامۆژگارییان ئەوەیە، کە پێویستە هەموو کەسێک بە گەدەیەکی نیمچە پڕ یاخود بە تاڵەوە بخەوێت.

ماڵپەڕی ( Health line)ی تەندروستی، لە بڵاوکراوەیەکدا لە ژێر ناونیشانی " باشترین کات بۆ خواردنی ژەمی ئێوارە" ئاماژەی بەوەکردووە:" مرۆڤێکی تەندروستی رۆژانە پێویستی بە خواردنی سێ ژەمی سەرەکی بەیانی، نیوەڕۆ و ئێوارە هەیە، لەگەڵ خواردنی یەک بۆ دوو ژەمی خێرا لە نێوان ژەمە سەرەکییەکاندا، بۆ ئەوەی جەستەی بە تەندروستی بمێنێتەوە، بەڵام زۆرێک لە مرۆڤەکان بەهۆی چالاکییەکانی رۆژانەیانەوە گۆڕانکاری لە کاتی خواردنی ژەمە سەرەکییەکانیاندا دەکەن و ئەمەش خراپبوون و تێکچوونی تەندروستییان و لە هەندێک حاڵەتدا تێکچوونی شێوازی جەستەیانی لێدەکەوێتەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو:" مرۆڤی تەندروست، پێویستە رۆژانە کاتێک لە خەو هەڵدەستێت، رۆژەکەی بە خواردنەوەی کوپێک بۆ دوو کوپ ئاو یاخود خواردنەوەی چایەکی سەوز دەستپێبکات و پاشان دوای تێپەڕبوونی ٣٠ بۆ ٤٥ خولەک بەسەر خواردنەوەی یەکێک لەو دوو خواردنەوەیەدا، ژەمی بەیانی بخوات".

سەبارەت بە ژەمی نیوەڕۆ باسیلەوەشکردووە:" بۆ ئەوەی گەدەی مرۆڤ بە تەندروستی بمێنێتەوە لە کاتی کردەی هەرسدا گەدەیەی کەسەکە زیانی پێنەگات، گونجاوترین کات بۆ خواردنی ژەمی نیوەڕۆ چوار کاتژمێر دوای خواردنی ژەمی بەیانییە، بەڵام ئەگەر کەسێک لە ماوەی ئەو چوار کاتژمێرەدا هەستی بە برسێتییەکی زۆرکرد، ئەوا پێویستە ژەمێکی خێرا و کەم لە ماوەی چوار کاتژمێرەکەدا بخوات، باشترین کاتیش بۆ خواردنی ئەو ژەمە خێرایە دوای تێپەڕبوونی ٩٠ خولەکە بەسەر خواردنی ژەمی بەیانییدا".

ماڵپەڕە تەندروستییەکە لەبارەی ژەمی ئێوارەوە روونیشیکردووەتەوە:" ژەمی ئێوارە یەکێکە لەو ژەمە سەرەکییانەی زۆرینەی خەڵک، کێشەیان لە کاتی خواردنیدا هەیە و زۆرینەی کاتەکان، هەرچەندە ژەمی ئێوارەیان خواردووە، کەسەکان دوای خواردنی ئەو ژەمە جارێکی دیکە هەست بە برسێتی دەکەنەوە بە تایبەتی کاتێک دەیانەوێت بخەون، کە ئەمەش بۆ چەند هۆکاێک دەگەڕێتەوە، لەوانەش هەبوونی ماوەی زیاتر لە چوار کاتژمێر لەنێوان کاتی خواردنی ژەمی ئێوارە و کاتی خەوتنی کەسەکە، یاخود نەخواردنی ژەمی خێرا دوای تێپەڕبوونی ٩٠ خولەک بەسەر خواردنی ژەمی ئێوارەدا لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەستی بە برسێتی کردبێت".

سەبارەت بە باشترین کات بۆ خواردنی ژەمی ئێوارە ئەو ماڵپەڕە دەشڵێت:" باشترین کات بۆ خواردنی ژەمی ئێوارە سێ کاتژمێر پێش کاتی خەوتنە، چونکە لە ماوەی ئەو سێ کاتژمێرەدا کەسەکە هەست بە برسێتییەکی زۆر ناکات، کاتێک دەیەوێت بخەوێت و گەدەش لەو کاتەدا نیمچە پڕ یاخود بەتاڵ دەبێت، کە ئەم دوو دۆخەش باشترین دۆخن گەدەی هەیبێت، کاتێک مرۆڤ دەیەوێت بخەوێت، چونکە گەدە لەو دوو دۆخەدا بەشێکی زۆر یاخود تەواوی کردە هەرسییەکانی ئەنجامداوە و لە کاتی خەوتنی کەسەکەدا زیانی پێناگات".

هەروەها، لەبارەی سوودەکانی خەوتن بە گەدەی نیمچە پڕ یاخود بەتاڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو:" کاتێک مرۆڤ بە گەدەی نیمچە پڕ یاخود بەتاڵەوە دەخەوێت، چەند سوودێکی تەندروستی هەیە، لەوانەش، یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش، زوو خەو لێکەوتن و باشترکردنی کوالێتی خەوەکە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا