بریکاری وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بە رووی دەرچووانی بەشە پزیشیکییەکانی هەرێمی کوردستان، توانیویانە هەلی دامەزراندن بۆ ٥٠٠ لەو کارمەندانە بڕەخسێنن، کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاکو ئێستا بەشێوەی گرێبەست کاردەکەن و لە چەند هەفتەی داهاتووشدا رێککارەکانی دامەزراندنیان کۆتایی پێدێت.
د.رەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دامەزراندنی ئەو دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆکانی هەرێم، کە لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا وەک تیمی چڕی فریاکەوتن بە گرێبەست دامەزران ئاماژەی بەوەکرد:" ئێمە لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان وەک وەزارەتی تەندروستی بۆ رەخساندنی هەلی دامەزراندن بۆ ئەو دەرچووانە، لەسەر ئەو پرسە بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی کۆبووینەتەوە و بڕیاری دامەزراندنیان دراوە، بڕیاریشە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا رێککارەکانی دامەزراندنیان بە تەواوی کۆتایی پێبێت".
ئەوەشی خستەڕوو:" لەئێستادا چەند سەنتەرێکی تەندروستی و نەخۆشخانە کە پێویستیان بە کارمەندی تەندروستی هەیە، لەوانەش نەخۆشخانەی ئەڵمانی کە داوای دامەزراندنی ١٠٠ کارمەندی تەندروستیمان بۆ کردوون و بڕیارە دوای تەواوبوونی رێککارەکانی دامەزراندنی ئەو ٥٠٠ کارمەندەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرکراوە، رێوشوێنی تایبەت بە دامەزراندنی کارمەندی دیکە لە ناوەندە تەندروستییەکان بگیرێتەبەر".