سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، توانیویانە لە رێگەی پرۆژەکانی دەستەکەیانەوە ١٥٠ هەزار هەلی کار بۆ هاوڵاتییان بەشێوەی راستەوخۆ بڕەخسێنن و بە دەیان هەزار هەلی کاری دیکەش بەشێوەی ناڕاوستەخۆ بڕەخسێنن، دەشڵێت، لە هەندێک پرۆژەدا هەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆیی گەیشتووەتە ٪١٠٠.
د.محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتییانی لە پرۆژەکانی دەستەکەیاندا، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد:"ئێمە وەکو دەستەی وەبەرهێنان کار بە راسپاردە و ڕێنمایییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەپێی ئامارەکانی ئێمە کە لە بەردەستماندایە تەنها لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان توانراوە ١٥٠ هەزار هەلی کار بە شێوەیەکی راستەوخۆ بڕەخسێندرێت، جگە لەوەی بە دەیان هەزار هەلی کار بە شێوەی ناڕاستەوخۆش رەخساوە، کە بەپێی ڕێنمایییەکان پێویستە لە هەر پڕۆژەیەک ٪٧٥ی کرێکاری خۆماڵی بن، ئێستا لە هەندێک پڕۆژەی هەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆیی گەیشتووەتە ٪١٠٠ ، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی کۆمپانیاکان پابەندی ئەو رێنماییەن و بەردەوامیش لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی هەلی کاری زیاتر و گرنگی بە کرێکاری ناوخۆیی دەدەین".
ئەوەشی خستەڕوو:" ئەو کۆمپانیایانەی پابەندی ئەوە نەبن کە ئەو رێژەی دیاریمان کردووە کرێکاری ناوخۆی کوردستان بن لە پڕۆژەکانیاندا، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین و پابەند دەکرێن بە بڕیارەکە".
راشیگەیاند:" وەک دەستەی وەبەرهێنان زیاتر جەختمان لەسەر پڕۆژە گەورەکانە، بە هۆکاری ئەوەی هەلی کاری زۆر دەڕەخسێنن و لە تەنیشت ئەوانیش سەدان پڕۆژەی بچووک و مامناوەند بەگەڕ دەخرێن، بە نموونەش لە دروستکردنی تاوەرێکی ٣٠ نهۆمیدا بە لایەنی کەمەوە دوو هەزار کەس کاری تێدا دەکات و دەیان پڕۆژەی کارگەی بچووکی چیمەنتۆ و بلۆک و کاشی و دروستکردنی پەنجەرەوە و دەرگا بەکار دەکەون و سوودی لێ وەردەگرن و هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێت".