حەوت رێکخراوی مرۆیی کارەکانیان لە کەمپی هۆڵ راگرت

جیهان 26/11/2022

Alternate Text

بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای تورکیاوە بۆ سەر کەمپەکەوە زیادبوونی توندوتیژی لەلایەن ژنانی ئەندامانی داعشی ناو کەمپی هۆڵ بۆ سەر کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان، حەوت لەو رێکخراوانە کارەکانیان لەناو کەمپەکەدا راگرت.

ئەڤین شێخ موس، بەرپرسی هەماهەنگییەکانی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کەمپی هۆڵ، کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێن ئاماژەی بەوەکردووە:"كارە مرۆییەكان لەناو كەمپەكەدا زۆر قورس بوون و ڕێكخراوە مرۆییەكان لە كەمپی هۆڵ، مەترسی ئەوەیان لەسەرە، كە ببنە ئامانجی هێرشەكانی توركیا، یان خێزانەكانی داعش لەناو كەمپەكەدا سوود لەو پشێویە وەربگرن و هێرش بكەنە سەر كارمەندەكانیان".
ئەوەشی خستەڕوو:" کەمی هۆڵ پێویستی بە هاوكارییەكی زۆر هەیە، لە كاتێكدا كە ناوچەكە لە ژێر هێرشدایە، کە ئەمەش كاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ كەمپەكە".

راشیگەیاند:" بەهۆی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە بۆ سەر کەمپی هۆڵ و زیادبوونی توندوتیژی ژنانی ناو کەمپەکە بۆ سەر کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان، حەوت رێکخراوی مرۆیی لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی کارمەندەکانیان کارەکانیان لە کەمپەکە راگرتووە".

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە دوایین هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر کەمپی هۆڵ لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکە کە شەوی ٢٣ی ئەم مانگە ئەنجامیدا، هەشت کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا