بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەرکی حکومەتە بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە خزمەتی هەمووان بکات

عێراق 26/11/2022

Alternate Text

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختیلەوەکردەوە، ئەرکی حکومەتی نوێی عێراقە بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە خزمەتی هەمووان بکات.

نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:" ئەمڕۆ شەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە و دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان لەگەڵ سەرۆک وەزیران تاوتوێکرد".

ئەوەشی خستەڕوو:" لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە هەماهەنگی و یەكخستنی هەوڵەكان كرایەوە لەپێناو سەرخستنی بەرنامەی حكومەت كە خۆی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداریدا دەبینێتەوە".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە جێبەجێكردنی ئەو خاڵە نیشتمانییانە كردەوە كە لە بەرنامەی حكومەتدا جێگیركراون و جەختیلەوەکردووەتەوە:" دەبێت رێز لەو رێككەوتنە سیاسییانەی نێوان كورد و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بگیرێت، هەروەها دەستوور بكرێتە بنەمای چارەسەركردنی ریشەییانەی كێشەكان و هاوبەشیی راستەقینە پەیڕەوبكرێت، ئەمەش فاكتەرێكی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و كۆمەڵایەتییە لە وڵاتدا". 
لەبارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە:" ئەركی حكومەتی نوێیە بەشێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە خزمەتی هەمووان بكات، ناكۆكییە سیاسییەكان تێكەڵی حوكمڕانی و مافەكانی هاوڵاتییان نەكرێت. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی حکومەت دەبێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پرسی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و عیراق و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنوورەکان تەوەرێکی تری گفتۆگۆکان بوو لەو بارەیەوە بڕیاری پێویست دران.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا