بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئێستا یەکێتی بە هەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلال کاردەکات، کە خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و یەکڕیزی و تەباییدا دەبینێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیستمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:" لە سەردانەکەی ئەمڕۆی شەممە بۆ بەغدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری ناسراو و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکان و کارنامەی حکومەتی نوێی عیراق تاوتوێکران و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر کرایەوە".
ئەوەشی خستەڕوو:" لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ستایشی رۆڵ و هەڵوێستی د.عادل عەبدولمەهدی کردووە کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا پشتیوانی دۆزی گەلی کورد و مافە رەواکانی کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی جوامێرانەی هەموو ئەو کەسایەتی و هێزە نیشتمانییانە لەیاد ناکات کە داکۆکیکاری مافەکانی گەلی کورد بوون و هەوڵیان بۆ تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان گەلانی عیراق داوە".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا دووپاتیکردووەتەوە" ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلالەوە کاردەکات کە خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و یەکڕیزی و تەباییدا دەبینێتەوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە بەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ستایشی رۆڵ و سیاسەتی نیشتمانییانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کردووە، وەک سەرکردەیەکی گەنج و کاریگەر کە لە قۆناغە سەخت و دژوارەکاندا هەوڵی ئاشتەوایی دەدات و بە ئاڕاستەی لێکنزیکبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو دەنێت، کە ئەمەش وایکردووە رۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بەدەستهێنانی متمانەی عیراقییەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە:" سیاسەتی ئێستای یەکێتی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی رابەرایەتی دەکات، بیرخەرەوەی ئەو سیاسەتە حەکیمانەیە کە سەرۆک مام جەلال کاری پێدەکرد و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکانی وەک کاری سەرەکی و لەپێشینە تەماشا دەکرد".