بە گوێرەی راگەیندراوی سەرۆکایەتی حکومەت، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی سودانی و ئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دەروازە سنووریەکان و باج و گومرک و پێشانگا بازرگانییەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا سودانی حەوت بڕیاری بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار دەرکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە:" لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سودانی حەوت بڕیاری بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای دینار و دابەزاندنی نرخی دۆلاری ئەمەریکی دەرکرد، کە گرنگترینیان بریتین لە:
١- کردنەوەی پەنجەرەیەکی دیکە لە بانکی بازرگانی عێراق بۆ فرۆشتنەوەی دۆلار بە بازرگانان.
٢-پارەدارکردنی بانکی بازرگانی عێراقی بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بۆ فرۆشتنەوەی بە بازرگانان.
٣- رێگەدان بە پڕۆسەی هەناردەکردن و هاوردەکردنی شمەک بۆ هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە مۆڵەتیان هەیە و لە فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی وەزارەتی بازرگانی.
٤-ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی هاوردەکردن و کەمکردنەوەی رۆتینەکان و هەڵوەشاندنەوەی گشتاندنەکەی دەستەی گشتی باج سەبارەت بە سزادانی دارایی بەهۆی دواکەوتنی پڕۆسەی هاوردەکردنی شمەک.
٥-بەشداریکردنی ژوورەکانی بازرگانی و یەکێتی پیشەسازییەکان لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا.
٦-هەموو هەفتەیەک ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئابووری ساز دەدات و بڕیارەکان جێبەجێدەکرێن و ئەو کەسانەی داواکراون ئاگادار دەکرێنەوە بە ئامادەبوونیان لە داهاتوودا.
٧- فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانوبەرە و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و گەشەپێدانی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و هەردوو بانکی رافیدەن و رەشید لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بەشداردەبن.