حکومەتی هەرێم هەژماری بانکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکاتەوە

کوردستان 24/01/2023

Alternate Text

لە چوارچێوەی کارەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، حکومەتی هەرێم بڕیاریدا مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە بانکەکان و بەپێى هەژمارى تایبەت بدرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:"  لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، رێکەوتی ١٢ـی تەممووزی ٢٠٢٠، لە کۆبوونەوەی سێیەمی خۆی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بڕیاریدا بە میکانیزمێکی نوێ میلاک و بوودجەی هەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠ بخاتەوە سەر وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لەم سێ ساڵەشدا، بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان له‌ ١٤ لیواوە کراونەتە ١٩ لیوا و میلاکی وەزارەتیش له‌ ٤٣ هەزار و ٣٤٧ پێشمەرگە بووه‌تە ٦٠ هەزار و ١٦ پێشمه‌رگه".

ئەوەشی خستەڕوو:" بە مەبەستى بەئەلیکترۆنیکردن و بەسیستەمکردنى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە، بڕیار درا کە مووچەى هێزەکانی پێشمەرگە لە بانکەکان و بەپێى هەژمارى تایبەت بدرێت و ئێستا ژمارەى مووچەوەرگرانى پێشمەرگە بەپێى هەژمارى تایبەتى بانک لە ٥ هەزار و ٨١٨ پێشمەرگەوە گەیشتووەتە ٣٣ هەزار و ٨٠٠ پێشمەرگە، فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانیی ١، ٢ـیش کە پێشتر لە چوارچێوەى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەدا نەبوون، لەماوەى ڕابردوودا خرانەوە سەر میلاکی ئەو وەزارەتە کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکى گرنگ هەژمار دەکرێت".
راشیگەیاند:" وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو وەزارەتانەى کە لە رووى چاکسازى و یەکدەستكردنی میلاکەوە، لە سێ ساڵى ڕابردوودا کارى ڕژد و گەورەى ئەنجام داوە".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم دەشڵێت:" کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە نێو سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و لەم پێناوەشدا هەنگاوی باشی بڕیوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا