قوباد تاڵەبانی : ئێمە دەمانەوێت خەڵکی کوردستان سوودمەندبن لە سەرچاوەکانی وزە

کوردستان 24/01/2023

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت خەڵکی کوردستان سوودمەندی یەکەم بن لە سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و باشترکردنی خزمەتگوزاییەکان بەکاربهێنرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:" ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی کرد لە رۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد". 
ئەوەشی خستەڕوو:" لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. قوباد تاڵەبانی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکەی بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە کە بریتین لە؛ سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کورسی کۆتا و پێکهاتەکان لەگەڵ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، هەروەها داوایکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچوونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەکی راستەقینە بۆ خەڵکی کوردستان".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە:" پێکهاتە و کەمینەکان ڕێز لێ گیراون لە هەرێمی کوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێکهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان کە دوور بێت لە دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەکان".
هەروەها، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن کردەوە بۆ کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێک کە سەقامگیری سیاسی و ئابووری لێ بکەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەموو هەنگاوێک دەربڕی لەسەر بنەمای دەستوور و لێکگەیشتنی هاوبەش.



لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەبارەی دۆسیەی وزە-وە، قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی نەتەوە یەکگرتووەکانی روونکردەوە، ئەوان مەبەستیانە خەڵکی کوردستان سوودمەندی یەکەم بن لە سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و باشترکردنی خزمەتگوزاییەکان بەکاربهێنرێت.

لەبەشێکی تری دیدارەکەشدا باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کە پایەی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنین، لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند:" رێکخراوەکان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەکانیان بە هەند وەربگیردرێت".
هەر لە کۆبوونەوەکەشدا، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی جێنین پلاسخارتی کرد لە عێراق و کوردستان کە هەمیشە بنیاتنەرانە بووە و بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی گرنگی ناوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا