سەرۆکی هەرێم: بردنەوەی جامی کەنداو سەرکەوتنی تەواوی وڵاتە

کوردستان 24/01/2023

Alternate Text

ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد، ئەویش دوای ئەوەی بوونە پاڵەوانی جامی کەنداو ٢٥.

ئەمشەو، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە:" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و بەسڕە و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسان، پێشوازی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنان و دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە بردنەوەی جامی کەنداو لەلایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە، سەرکەوتنی تەواوی وڵاتە و دڵی هەموو عێراقییەکانی لە سەرتاسەری وڵات خۆش کرد، هەر بەو بۆنەیەشەوە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان ، هاووڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕى".
 هەروەها نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو، چونکە هەموو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ.

لە هەمان کاتیشدا، هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ هەڵبژاردەی عێراق خواست و هەموو پشتگیرییەکی بۆ دووپات کردەوە، سوپاسی بەڕێز پارێزگاری بەسڕە و ڕێکخەران و هێزە ئەمنییەکان و هەموو ئەو لایەنانەش کرد کە ڕۆڵیان لە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پاڵەوانیەتییەکەدا هەبوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا