پزیشکانی نەخۆشخانەیەکی روسیا، تۆپەڵێک موو کە کێشی ٣ کیلۆگرام بووە لە گەدەی کچێکدا دەردەکەن، ئەویش بەهۆی ئەوەی کچەکە خوویەکی نامۆی هەیە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی مۆسکڤای روسی، کچێکی روسی ٢١ ساڵ، دوای توشبوون بە ئازارێکی توند لە گەدەیدا، سەردانی نەخۆشخانەی شێلکۆڤۆ لە نزیک مۆسکۆ دەکات. کچەکە بەهۆی سکچون و رشانەوە و ئازاری گەدەوە دەناڵێنێت، بۆیە پزیشکان پشکنینی بۆ دەکەن.
ماڵپەڕەکە ئاشكرای کردووە:" دوای پشکنینەکان، دەردەکەوێت کە تۆپەڵێکی گەورەی موو لە گەدەیدا درووستبووە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە کچەکە خوی قژخواردنی هەبووە.
باس لەوەش کراوە:" دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و دەرکردنی تۆپەڵە مووەکە، پزیشکەکان توشی سەرسوڕمان دەبن کە دەزانن کێشی تۆپەڵە مووەکە ٣ کیلۆگرامە.
لەو بارەیەوە، پزیشکەکان رایانگەیاندووە کە کچەکە پێشتریش بەهۆی خووەکەیەوە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە بۆ هەمان مەبەست و ئەم جارە پێشنیازی چارەسەری دەروونی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی خووی قژخواردنی تەرک بکات.