درەنگانی شەوی رابردوو لە رێگەی چەند درۆنێکەوە هێرشکرایە سەر بنکەیەکی
وەزارەتی بەرگری ئێران و وەزارەتەکەش دەڵێت، هێرشەکە سەرکەوتوو نەبووە.
وەزارەتی بەرگری ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" درەنگانی شەوی
رابردوو کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک، لە رێگەی سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکراوەتە سەر
بنکەیەکی بەرهەمهێنانی سەر بە وەزارەتەکەمان".
ئاماژەی بەوەشکرد:" هێرشەکە سەرکەوتوو نەبووە و یەکێک لە فڕۆکە بێ
فڕۆکەوانەکان لەلایەن سیستمی بەرگری بنکەکەوە بەرپەرچی دراوەتەوە و تێکشکێنراوە،
دووانەکەی دیکەش لەلایەن سیستمی بەرگری وڵاتەوە تەقێندراونەتەوە".
شایەنی باسە وەزارەتی بەرگری ئێران هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەنجامدەری
هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە و ناوی هیچ لایەن و وڵاتێکیشی وەک تۆمەتبار نەهێناوە.
ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی
هاوڵاتییانی ئێران و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هەندێکیاندا، هەروەها پێش
چەند هەفتەیەک ببە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەڕیتانیا، دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە
سێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری جێگری وەزیری بەرگری پێشووتری راگەیاند، کە هەڵگری
رەگەزنامەی بەڕیتانیا بوو، ئەمەش بەڕیتانیا توڕەکرد و بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی
ئێرانی کرد.