ئەمڕۆ کۆشکی کرێملین لێدوانەکانی جۆنسنی رەتکردەوە کە گوایە لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا بووە لەلایەن پوتینی سەرۆکی روسیاوە بە موشەکێک هەڕەشەی لێکردبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، دیمتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشكی کرێملین لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا لێدوانەکەی بۆریس جۆنسنی رەتکردەوە کە گوایە لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا بووە لەلایەن ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیاوە بە موشەکێک هەڕەشەی لێکراوە وتی کە ئەوەی جۆنسن وتوویەتی راست نییە و بە "هەڵبەستراو" ناوی برد.
لە درێژەی قسەکانیدا، پیسکۆڤ وتی:" ئەوەی جۆنسن وتوویەتی راست نییە و بە دیاریکراوی "درۆیە"، دەشپرسم کە ئایا درۆیەکی بەمەبەستە و ئامانجێکی لە پشتە، یاخود بێ مەبەستە".
ئەمە لە کاتێکدایە، لە بەڵگە فیلمێکی ئاژانسی بی بی سیدا کە جۆنسنیش تێیدا بەشدارە، رایگەیاندووە کە پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا پوتین هەڕەشەی لێکردووە و پێی وتووە " بۆریس نامەوێت ئازارت بدەم بەڵام تەنها یەک موشەک پێویستە و یەک خولەکی دەوێت".