سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار راستە و رۆژانە روودەدات، و لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەبرێتە وڵاتانی دراوسێ.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی کە ئەمشەو پەخشکرا رایگەیاند:" دوو ساڵ لەمەوبەر لێکتێگەیشتن هەبووە لە نێوان بانکی فیدراڵی ئەمەریکا و بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق بۆ رێخکستنەوەی ئاڵوگۆڕی دراو، بەڵام حکومەتی پێشوو و بانکی ناوەندی کاریان بە راسپاردەکان نەکردووە و لە ئاست رێککارەکاندا نەبوون".
سودانی وتیشی:" بەڵێ بەقاچاخ بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراق راستە و چەند ساڵێکە ئەو کێشەیە هەیە".
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیکردەوە، لە رابردوودا رۆژانە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەخرایە بازاڕەوە و بازاڕ لە هیچ شتێکی کەم نەبوو، بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا، ئەو پرسیارە سەرهەڵەدات، ئەو هەموو پارەیە بۆ کوێ دەچێت؟".
باسی لەوەشکرد:" چەند پسوڵەیەکی ساختەمان لەدەستدایە کە گوایە بەشی هەموو عێراق ئاسن هاوردەکراوە، بەڵام هەرگیز ئەو بڕە نەهاتووەتە ناو وڵات".
سودانی وتی:"سەلماندنی بەقاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار بە رێککاری یاسایی بۆ ئەوەی دادگا بڕیاری لەبارەوە بدات رێککاری دەوێت، لێرە و لەوێ دەبیستین کە بڕێکی زۆر پارە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق دەبرێتە هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، لەو بارەیەوە گفتوگۆم لەگەڵ سەرۆکی هەرێک کردووە و دەبێت هەماهەنگ بین تێیدا".