بەهۆی سەماکردنیانەوە لە دەوروبەری گۆڕەپانی
ئازادی، دوو هاوسەر سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
ماڵپەری بی بی سی بڵاویکردەوە:" ئاستیاژ
هەقیقی لەدایکبووی ٢٠٠١ و دەستگیرانەکەی کە ناوی ئەمیر محەمەد ئەحمەدییە و
لەدایکبووی ٢٠٠٠ە، لەلایەن دادگای ئێرانەوە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و تاوان
لەسەر زەویان بەسەردا سەپێنرا".
ئاماژەی بەوەشکرد:" بەگوێرەی بڕیارەکەی
دادگا ئەو دوو هاوسەرە هەریەکەیان بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن سزا دراون و هۆکاری سزاکەشیان
بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دەوروبەری گۆڕەپانی ئازادی تاران سەمایان کردووە و دواتر
ڤیدیۆی سەماکەیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە".
باسیلەوەشکرد:" ئەو دوو هاوسەرە چەند
مانگێک پێش ئێستا دەستگیرکراون و تا ئێستا روون نییە ئەو کارەی کردوویانە لە
چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بووە کە دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی
دەستیپێکردووە یاخود نا".