کۆلاجین بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پێکهاتەی پێست دادەندرێت و رۆڵێکی بەرچاوی هەیە بۆ پڕکردنەوەی نێوان خانەکان و کەمبوونەوە و نەمانیشی پێست بەرەو پیربوون و چرچ بوون دەبات، کە ئەمەش دەتواندرێت بە چەند رێگایەک رێگری لێبکرێت، لەپێناو جوان و گەنج مانەوەی پێست.
ڤلادیمێر خاڤینسۆن و سڤێتلانا ترۆفیمۆڤا پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی پێست، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزۆنیدا ئاماژەیان بەوەکردووە، چەند رێگایەک هەیە بۆ رێگریکردن لە کەمبوونەوە و نەمانی کۆلاجینی پێست، لەوانە:
تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر
تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر جگە لەوەی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان شێرپەنجەی پێست دادەندرێت، رۆڵێکی بەرچاویشی هەیە لە نەهێشتنی کۆلاجین لە پێستدا و بە گوێرەی وتەی ئەو پسپۆڕانەش ئەو تیشکە رۆژانە لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆوە و بۆ کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ هەیە.
گلایکۆئەجینگ (گلایکەیشن)
گلایکۆئەجینگ (گلایکەیشن)، ماددەیەکە لە ناو شەکردا هەیە و کۆلاجینی ناو پێست لەناو دەبات.
دڵەڕاوکێ و نیگەرانی
نیگەرانی و دڵەڕاوکێ کاری سیستەمی بەرگری لەش و رژێنەکانی بەشی ناوەوەی لەش خاو دەکاتەوە و ئەمەش پرۆسەی پیربوون و چرچ بوونی خێراتر دەکات.
جگەرەکێشان
جگەرەکێشان تەنها هۆکارێکی شێرپەنجەیی نییە، بەڵکو زیان بە کۆلاجینیش دەگەیەنێت و لەناوی دەبات.
کەمی ڤیتامین و توخمە کانزاییەکان
بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕانە، کەمی ڤیتامین و توخمە کانزاییەکان لە جەستەدا کەمبوونەوە و ناچالاکبوونی کۆلاجینی لێدەکەوێتەوە.
ئەو پسپۆڕانە دەشڵێن، خۆراکی تەندروست کلیلی جوانی و گەنجییە، بۆیە دەبێت ئەو ماددە خۆراکیانەی کە کۆلاجینی سروشتی و ترشە ئەمینییەکانی تێدایە کە پێویستن بۆ دروستکردنی کۆلاجین لە لەشدا بخورێن، لەوانە خواردنی ماسی.