شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد، لە ئێستادا بە گشتی مەترسییەکانی روودانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتووە، جگە لە هەندێک شوێنی پارێزگای هەولێر و مەخمور کە جیاوازییەکی کەمیان هەیە و باران کەم لەو ناوچانە باریوە، بەڵام لەم هەفتەیەدا ئەو ناوچانەش شەپۆلی بارانبارین دەیانگرێتەوە و مەترسی وشکەساڵییان لەسەر نامێنێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:"ئێستا مەترسیەکانی روودانی وشکەساڵی بەگشتی لەناوچەکان کۆتاییهاتووە جگە لەهەندێک شوێنی پارێزگای هەولێر و مەخمور کە جیاوازیەکی کەمیان هەیە لەگەڵ ساڵی رابردوو و رێژەی بارانبارینیش کەمترە، بەڵام لەم هەفتەیەدا لەو ناوچانەش مەترسی نامێنێت و بڕی بارانبارین زیاتر دەبێت لە ساڵی رابردوو".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:"ساڵی رابردوو لەڕووی بارانبارینەوە مانگی سێ و چوار بەتایبەتی خراپ بوون، بەڵام ئەمساڵ ئەم دوو مانگە و تەواوی وەرزی بەهار باشترن، ئەمەش وادەکات بڕی بارانی لەسەرجەم ناوچەکان پێش ساڵی رابردوو بکەوێتەوە".
راشیگەیاندووە:" وشکەساڵی هایدرۆلۆجی دروستبووە، لەبەرئەوەی داهاتی ئاویش لەپارساڵ زیاترە و لەئێستاوە لەزۆرشوێن ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی زیادیان کردوە و لەمانگی پێنجیش زۆر زیاتر زیاد دەکەن، هەروەها لەبەرئەوەی دابارینی شێوەی زستانەییش ماوە، لەکوێستانەکانیش بەفری باش باریوە، ئەمەش سوودی دەبێت بۆ زیادبوونی داهاتی ئاوی ژێر زەوی ژیانەوەی کانیاو چەمەکانی تر و بەگشتی".