پۆلیسی سلێمانی : سێ گەنج کەوتنە دەریاچەی دەربەندیخانەوە و یەکێکیان خنکا

کوردستان 22/03/2023

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو سێ گەنج کە بەمەبەستی راوەماسی روویان لەناوچەکە کردبوو، کەوتوونەتە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوە و دووانیان خۆیان رزگار کرد و یەکێکیان خنکا، دەشڵێت، ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی تر سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:" دوای ئەوەی شەوی رابردو سێ گەنج لەدەریاچەی دەربەندیخان ماونەتەوەو بەمەبەستی راوەماسی چونەتە ناوچەکە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و بەھۆی نەشارەزایی یەکێکیانەوە بەلەمەکەیان وەرگەڕاوەو کەوتوونەتە دەریاچەکەوە، دووان لەگەنجەکان توانیویانە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام گەنجەکەی دیکەیان بەناوی (س، ع، م) لەدایکبووی ١٩٨٣ کە مەلەی نەزانیوە خنکاوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" پاش رووداوەکە مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەی سەر بەبەشی پۆلیسی دەربەندیخان گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو لەگەڵ تیمە فریاگوزارییەکانی تردا سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە".
راشیگەیاندووە:" بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەرووداوەکە، دوو گەنجەکەی تر لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەوە دەستگیرکراون و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا