وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوە لە دامودەزگا فەرمییەکاندا لە مانگی رەمەزاندا قەدەغەیە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە رێنماییەکان بۆ مانگی رەمەزان بڵاویکردووەتەوە:" پێویستە هەموو چێشتخانە، کافتریا و دووکان و بازاڕەکان رەچاوی حورمەتی مانگی رەمەزان بگرن و هەستی رۆژوانان بپارێزن".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" لە مانگی رەمەزان هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک لە دامودەزگا فەرمییەکاندا پێشکەش ناکرێت".
راشیگەیاندووە:" پێویستە گشت کەناڵەکانی راگەیاندن تایبەتمەندی مانگی رەمەزان بپارێز و ناوەڕۆکێک بڵاونەکەنەوە لەگەڵ گەورەیی و پیرۆزی مانگەکە نەگونجێت، هەروەها سەرجەم کەناڵەکان بەرپرسن لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێکی نادروست سەبارەت بە راگەیاندنی یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان".
وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت:" هەر مەراسیمێک تایبەت بە مانگی رەمەزان ئەنجامبدرێت، پێویستە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقافدا بێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە:" لەکاتی پێشکەشکردنی بابەتی ئایینی دەبێت کەسانی پسپۆڕ لە بواری ئایینی و مامۆستایانی ئایینی میوانداری بەرنامەکە بکرێت".
سەبارەت بە رێنماییە شەرعییەکانی مانگی رەمەزان وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی روونیشیکردووەتەوە:" دیاریکردنی یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان تەنیا لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" پابەندبوونی تەواو بە نیمساکییە و خشتەکانی بانگدان لەسەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و دەزگاکانی راگەیاندنی بیستراو و بینراو".
راشیگەیاندووە:" وتاری دوای نوێژی عەسر لە ٢٠ خولەک زیاتر نەبێت و تەنیا لەلایەن مامۆستای مزگەوتەکەوە پێشکەش بکرێت، ئەویش بە بەکارهێنانی میکرۆفۆنی ناوخۆ و تیشک بخاتە سەر ئەحکامەکانی عیبادەت".
وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت:" تەنیا ١٠ شەوی کۆتایی مانگ مۆڵەت بە مزگەوتەکان دەدرێت کراوەبن، ئەوەش بە سەرپەرشتی پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە ".
ئاماژەی بەوەشکردووە:" تەنیا پێش نوێژ و وتارخوێن بۆی هەیە مەراسیمە ئایینییەکانی مزگەوت ئەنجامبدات".
لە رێنماییەکاندا دەشڵێت:" پێویستە پابەندبوونی تەواو هەبێت، بە فەتوای دیاریکردنی نیسابی زەکات و بڕی سەرفیترە، کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانەوە دیاریدەکرێت".
روونیشیکردووەتەوە:" ماوەی نێوان نیمساک و بانگدانی بەیانی بەپێی خشتەی نیمساکی پارێزگاکە دەبێت و بەهیچ شێوەیەک نابێت پێچەوانە بکرێتەوە، هەروەها دەبێت ماوەی پاش بانگدانی عیشا ١٥ بۆ ٢٠ خولەک بێت دواتر نوێژ ئەنجامبدرێت".