بریندار هەیە،، بەهۆی شۆڕتی کارەباوە لە سۆران پێنج ماڵ گڕیگرت

کوردستان 22/03/2023

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی قەزای سۆران رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی شۆڕتی کارەباوە لە گەڕەکی بەختیاری سنووری قەزاکە پێنج ماڵ و گڕیگرت و جگە لە زیانە مادییەکانیشی، ژنێک لە کاتی رزگارکردنی منداڵەکەیدا برینداربووە.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:" ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، كاتژمێر ٥:٣٨ خولەکی ئێوارە ئاگاداری ژووری بزوێنی بەڕێوەبەرایەتیمان كرایەوە بە هەبوونی رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە چەند خانوویەك لە گەڕەكی بەختیاری لە قەزای سۆران و دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە هەردوو تیمی ئاگركوژێنەوەی بنكەكانی بەرگریی شارستانیی سۆران و دیانا گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵكرد و توانرا رێگری لەزیادبوونی بكەن".
ئەوەشی خستەڕوو:" تێكەڵكێشی خانووەكان و داپۆشرانی سەقفی خانووەكان بە دار و حەسیر و نایلۆن و لە هەمانكاتدا لەسەر دانانی تایەی ئۆتۆمبێل وایكرد كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە كەمێك دوا بكەوێت بەمەش زیانە ماددیەكان زۆرتربوون".
ئاماژەی بەوەشکرد:" بە پێی راپۆرتی تیمەكانمان هۆكاری ئاگرەكە شۆرتی كارەبا بووە سەرەتا لە خانووێكەوە دەستیپێكردووە و دواتر تەشەنەیكردووە بۆ خانووەكانی دەوروبەری كە پێنج خانوو زیانێكی زۆری ماددییان بەركەوتووە و ژنێكیش لە كاتی رزگاركردنی منداڵەكانی برینداربووە".


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا