سزای لێدان لە کامێرای پۆینت تو پۆینت، ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانیش دەگرێتەوە

کوردستان 21/05/2023

Alternate Text

ئەمڕۆ، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی زانیاری نوێی لەبارەی وادەی کارابوونی پڕۆژەی کامێرای پۆینت تو پۆینت ئاشکراکرد، سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە سەرەتاکانیش رایگەیاند کە ئەوانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە‌همەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لە ئەمڕۆ کامێراکانی پۆینت تو پۆینت لە نێوان تاسڵوجە و قەزای دوکان کارا دەبن کە ژمارەیان ٢٤ کامێرایە و بۆ ماوەی هەفتەیەک تاقیدەکرێنەوە، لەو ماوەیەشدا شۆفێرانی سەرپێچیکار سزانادرێن، بەڵام لە ٢٩ی ئایارەوە کاراکردنی ئەو کامێرایانە دەستپێدەکات و ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن سزا دەدرێن".

لەبارەی داهاتی کامێراکان، وتیشی:" بابەتی داهات پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییەوە نییە و دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی"، سەبارەت بە بارودۆخی شەقامەکان و فراوانکردنیان، ئەوا پەیوەندی بە شارەوانیەوە هەیە".

هەروەها راشیگەیاند:" ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هەڵگری تابلۆی دەرەوەی هەرێمن یاخود بێسەرەتان، لەکاتی سەرپێچیدا راستەوخۆ پسوڵەیان بۆ دەکرێت، بۆ نمونە لە کامێراکانی تاسڵوجە بۆ دوکان، لە قەزای دوکان بنکەیەک دانراوە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەرپێچی دەکەن و لە کامێراکان دادەن، لەوێ رادەگیردرێن و پسوڵەیان بۆ دەکرێت و راستەوخۆ سزا داراییەکەی لێ وەردەگیردرێت".

هەر لەبارەی پڕۆژەکە، بەهمەن عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد:" پڕۆژەکە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەگرێتەوە و کارمان لەسەر دانانی ٢٢٥ کامێرا کردوە".

لەبارەی سزاکانیش رایگەیاند:" سزاکان لە ٧٠ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ٢٥٠ هەزار دینار، بۆ کیلۆمەترێک تا ١٥ کیلۆمەتر زیاتر لە خێرایی رێگەپێدراو، ٧٠ هەزار سزاکەی دەبێت، بەو شێوەیە بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە ٢٥٠ هەزار دینار، ئەگەریش بۆ نمونە لە نێوان کامێراکانی تاسڵوجە بۆ دوکان سەرپێچی ئۆتۆمبێلێک تۆمارکرا لە زیادتر لە کامێرەیەکدا، ئەوا لە کامیاندا بەرزتر بووە ئەوەی بۆ هەژماردەکرێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا