وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوێکدا ئاماژەی بە ژمارەیەک رێنمایی کردووە
سەبارەت بە تای خوێنبەربوون و داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی کردووە
هەستن بە جێبەجێکردنیان.
لە نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستیدا
کە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی شارەکانی هەرێم کراوە
هاتووە:" بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە نەخۆشییەکی
ڤایرۆسی مەترسیدارە و لەبەر تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی پشتڕاستکراو لە هەندێک لە
پارێزگاکان، پێویستە چەند رێوشوێنێک بگیرێتەبەر".
ئاماژە بەوەشکراوە:" سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەمووشێوەیەک قەدەغەیە
و تەنها لە شوێنێ رێگەپێدراو دەبێت سەربڕین ئەنجامبدرێت، هەروەها دەبێت قەسابەکان
پابەندبن بە لەبەرکردنی کەلوپەلی خۆپاراستن بە تایبەتی لەدەستکردنی دەستکێشی لاستیک
و لەبەرکردنی جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و
خوێنەکەی بەشێوەی تەواو، بەپێچەوانەوە بە توندی سزا دەدرێت".
باسلەوەشکراوە:" دوای سەربڕینی ئاژەڵ دەبێت شوێنکە پاکبکرێتەوە بە
بەکارهێنانی گیراوەی کلۆر، هەروەها دەبێت کەلوپەلی بەکارهاتووش پاکبکرێتەوە،
پێویستە هاوڵاتییانیش گۆشتی سوور لە شوێنی رێگەپێدراو بکڕن و دەستکێطش لەدەستبکەن
و ئاگاداربن دەستیان هیچ بریدار نەبێت و تەختەی لەتکردنی گۆشت جیاوازبێت لە تەختەی
لەتکردنی خۆراکەکانی دیکە".
وەزارەتی تەندروستی روونیشیکردووەتەوە:" دەبێت جلی قۆڵ درێژ و رەنگ
کاڵ لەبەربکرن لەکاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنەکان تیایدا بڵاوە تاوەکو دیاربێت،
هەروەها بەکارهێنانی کرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەو گەنە لە لەشی مرۆڤ".
جەخت لەوەشکراوەتەوە:" بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی پێویستە
هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ بکەن دەربارەی
رێککارەکانیان سەبارەت بە رشاندنی ئاژەڵان بە قڕکەر، هەروەها جەخت لە کاری
پتەوکردنی تەندروستی بۆ پاراستنی ئاژەڵان لە رێگای هەڵمەتی جیاواز و بڵاوکردنەوەی
رێنامایی بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری دروست بکرێتەوە".