وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، سزای لە سێدارەدانیان بەسەر سێ کەسدا جێبەجێکردووە، ئەویش بە تۆمەتی ئەندامبوون لە شانەیەکی تیرۆرست.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" لە ناوچەی شەرقیە سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ تاوانباردا جێبەجێکرا، ئەویش بە تۆمەتی ئەندامبوون لە شانەیەکی تیرۆرستی و هەڵگرتنی چەک و مەشقکردن لەسەری، هەروەها بە چەکەوە هێرشێکی تیرۆرستیان کردووەتە سەر بنکەیەکی ئەمنی".
هەروەها هاتووە:" یەکێک لە تاوانبارەکان تاوانی دەستدرێژی سێکسی لەژێر هەڕەشەی چەکدا و تۆمارکردنی و یەکێکی دیکەش تاوانی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کچان بەسەردا ساغبووەتەوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:" ئەو سێ تاوانبارە لەلایەن دادگای تاوانی تایبەتمەندەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، دواتریش لە دادگای پێداچوونەوە سزاکە پشتڕاستکراوەتەوە".