بەهۆی رووخانی بەنداوێکەوە لە خێرسۆنی ئۆکرانیا، هەزاران کەس بێ ماڵ و
جێ بوون، روسیا و ئۆکرانیاش یەکدی بە رووخاندنی بەنداوەکە تۆمەتبار دەکەن.
ڤۆڵۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا
رایگەیاند:" بەنداوی کاخۆڤا لە خێرسۆن، لەلایەن هێزەکانی روسیاوە وێرانکراوە
و بووەتە هۆی ژێرئاوکەوتنی ٨٠ گوند و شاری بچووک".
هاوکات پێگەی بی بی سی بڵاویکردەوە:"
بەهۆی وێرانبوونی بەنداوی ناوبراوەوە، ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچەی تایبەت بە
دانیشتووان گەیشتووەتە لوتکەی باڵەخانە و خانووەکان، شەوی رابردوو ژمارەیەکی زۆری
هاوڵاتییانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان پەنای بردووەتە بەر سەربانی باڵەخانە ەبرزەکان
و لەوێ ماونەتەوە".
ئاماژەی لەوەشکرد:" ئەو بەنداوەی کە
تێکدراوە، ئاوی بۆ بەشێکی زۆری ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا دابین
دەکرد، هەروەها بە سەرچاوەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ ئاودانی کێڵگە کشتوکاڵییەکان و
رێگایەکی گرنگیشە بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ کریمە کە ئێستا لەلایەن روسیاوە
کۆنتڕۆڵکراوە".
لە هەمانکاتدا روسیا رەتیدەکاتەوە کە
هێزەکانی ئەو بەنداوەکەیان لەناوبردبێت و ئۆکرانیاشی بەوە تۆمەتبارکرد، کە
تۆپبارانی بەنداوەکەی کردووە.