دادگایەکی بەغدا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تەیسیر عێراق، هونەرمەند و چالاکوانی سۆشیاڵ میدیا دەرکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای لێکۆڵینەوەی ناوچەی کەرخی بەغدای پایتەختی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تەیسیر عێراق ژنە هونەرمەند و چالاکوانی سۆشیاڵ میدیا دەکرد.
هەر پێشتر، دادگای کەرخی سێ کە تایبەتمەندە بە دۆسییەکانی میدیا و بڵاوکردنەوە، ئەو ژنە هونەرمەندەی بانگهێشتی دادگا کرد، بەڵام بەدەم داواکەوە نەچوو بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.
سەبارەت بە تۆمەتەکەی سەری، دادگاکە ئاماژەی بەوەداوە کە پەیوەندیی هەیە بە بڵاوکردنەوەی بابەتی ناشیاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ ئەوەش پشتبەستراوە بە ماددەی ٤٠٣ی یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو.
تەیسیر عێراقی ژنە هونەرمەند و چالاکوانێکی دیاری سۆشیاڵ میدیای عێراقە، بەهۆی ئەو بابەتانەی بڵاویدەکاتەوە بەردەوام سەرنجی رایگشتی لەسەرە.