کۆڕی شانۆی با دەقێکی نوسەری کورد بەختیار عەلی کردووەتە شانۆ و بۆ ماوەی ١١ رۆژ لە سلێمانی نمایش دەکرێت.
شانۆیی بێتاوانی و سزا لەدەقی (بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان)ـی بەختیار عەلییەوە وەرگیراوە، لە دەرهێنانی ڕێژەن جەمال و نواندنی ژمارەیەک ئەکتەری بە توانایە.
هەروەها، سەبارەت بە ناوەڕۆی دەقەکە، باس لەوە دەکات کە مستەفا ڕێبەر، فەرمانبەرێکی سادەیە و لە کتێبخانەی شار کاردەکات، ڕۆژێک بێ هیچ هۆیەکی دیاریکراو دەگیرێت و خۆی لە زیندان دەبینێتەوە. هۆی گرتنی مستەفا ئەوە نییە تاوانێکی کردوە یاخود دەزگا و ئیدارەکانی دەوڵەت گوناهـ و تاوانێکی نەزانراویان لەسەر تۆمارکردوە، بە پێچەوانەوە مستەفا لەلایەن دەزگایەکی تایبەتەوە دەستبەسەر کراوە، ئیشی ئەوەیە ئەو کەسانە بدۆزێتەوە هەست بە بێگوناهی دەکەن، مستەفا بێئەوەی باوەڕبکات، دەبینێت کەوتۆتە جیهانێکەوە، ئەگەر تێیدا بێگوناهـ بمێنێتەوە، ناتوانێت جارێکی دی بە جۆرێکی ئاسایی بژی.
شانۆیی بێتاوان و سزا، رۆژی چوارشەممە ١٢ی ئەیلول لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی دەستی بە نمایش کرد و تا رۆژی ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت.