پزیشکێکی پسپۆڕ هۆشداری لە بەکارهێنانی حەبە سێ دەنکییەکە دەدات

تەندروستی پێش 3 هەفتە

Alternate Text

د.زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی هەناو هۆشداری لە بەکارهێنانی حەبی ئەزیسرۆمایسین دەدات، کە بە حەبە سێ دەنکییەکە ناسراوە.

ئەو پزیشکە، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت: لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای وەرزی بەشێک لە هاوڵاتییان ئەم دەرمانە بەکاردەهێنن کە پێی دەڵێن حەبە سێ دەنکییەکە یان شەش دەنکەکە بەپێی ژمارەی ناو پاکەتەکە، ئەم دەرمانە ئەزیسرۆمایسینە خۆی دەرمانێکی دژە بەکتریایە و بۆ نەخۆشی ئینفلوێنزا نابێت کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە.
باسی لەوەش کردووە: زۆرجار خەڵک سەربەخۆ دەرمانەکە دەکڕێت، کە شتی وا لە هیچ سووچێکی ئەو ووڵاتانەدا نییە کە دەسەڵاتی تەندرووستی بەهێز بێت چوونکە مرۆڤ نابێت بە بێ ڕەچەتەی پزیشک دەرمانی دژە بەکتریا بەکاربهێنێت. بە ئاساییش دەرمانەخانەکە پێی دەفرۆشێت، جا دەرمانخانەی دەرمانساز بێت کە پزیشکی دەرمانسازی هەیە یان دەرمانخانەی کارمەندی تەندرووستی بێت، لە هەردوو بارەکەدا هەر هەڵەیە.
د.زانیار ئاغال بەم خاڵانەی خوارەوە هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان:

١- ئەم دەرمانە وەکو ووتمان بۆ ڤایرۆس نابێت، هیچ نەبێت لە سەرەتاوە بۆی نابێت، بەکارهێنانی وا دەکات لاشەت توانای بەرگری نەمێنێت بەرامبەر پەتا. جگە لەوە، وا دەکات لە کوردستان میکرۆبەکان چی تر نەکوژرێن بەم دەرمانانە.
٢- حەبی ئەزیسرۆمایسین، کارلێک دەکات لەگەڵ دەرمانەکانی دژە چەوری وەکوئەتۆرڤاستاتین، بۆیە دەبێت بە چاودێری پزیشک بەکاربێت و تەنانەت زۆرجار پێویستە دەستکاری دەرمانی چەورییەکە بکرێت.
٣- دەرمانی ئەزیسرۆمایسین، سەر بە گروپی ئەو دەرمانانەیە کە کارەبا گەیاندنی دڵ درێژ دەکەنەوە لە هەندێک کەسدا کە نەخۆشییەکی دەگمەنی دڵیان هەیە. بەمەش ئەگەری تێکچوونی کارەبای دڵ دەبێت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کردووە: دەرمانی ئەزیسرۆمایسین یەکێکە لە دەرمانە باشەکان بۆ چارەسەری زۆربەی بەکتریاکان، زۆریش سەلامەتترە لە دەرمانە کۆنەکانی دژە بەکتریا، بەڵام بە مەرجێک تەنها پزیشک بۆت بنووسێت چوونکە دەتوانێت هەڵسەنگاندن بکات بۆ هەموو ئەو پێشهاتانەی باسم کردن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا