سەرچاوە حکومییەکان رایانگەیاند، بانکی ناوەندی رێگەپێدانی بۆ سێ بانک دەرکردووە بەمەبەستی هێنانی دۆلاری ئەمەریکی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوە حکومییەکان بە میدیاکانی عێراقیان راگەیاند:" لە دوو رۆژی رابردوودا بانکی ناوەندی رەزامەندی فەرمی بۆ سێ بانکی ئەهلی عێراقی دەرکردووە بۆ هاوردەکردنی دۆلاری ئەمەریکی بەمەبەستی پڕکردنەوەی خواستی کڕیارەکانی لەسەر دۆلاری ئەمەریکی".
باسیان لەوەش کردووە:" بانکی ناوەندی رەزامەندی داوە بە هەر یەکێک لەو سێ بانکە کە تا بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار هاوردە بکەن، ئێستاش یەکەم کاروانی یەکێک لە بانکەکان گەیشتووەتە عێراق".
هەروەها راشیانگەیاندووە:" چەند داواکارییەک لەلایەن بانکەکانی دیکەوە پێشکەشکراون و لە ئێستادا بانکی ناوەندی پێداچوونەوەیان بۆ دەکات، لە ئێستاشدا بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) لە گفتوگۆدایە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی بڕی ١٢٠ ملیۆن دۆلار، لە چەند رۆژی داهاتووشدا رێککارەکانی کۆتاییدێت".