سەرۆکی یەکێتی: دەبێت یاسا وەک یەک بەسەر هەمواندا جێبەجێبکرێت

درێژتر لە هەواڵ پێش 1 هەفتە

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چاویکەوت بە نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان.

راگەیەندراوی فەرمی: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە: لە کۆبونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، رێگە نادەن غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی:

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان چاویکەوت بە نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە راپۆرتێکدا کێشە و داواکارییەکانیان خستەڕوو و راشیانگەیاند، پابەندی رێنمایی و رێکارە یاسایی و ئەمنییەکان دەبن و هاوکاری تەواوی دەزگای ئاسایش و سەرجەم دامەزراوەکان دەبن بۆ پاراستنی ئارامیی سلێمانی.
لەبەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، خۆمان بە پارێزەری سەرجەم خەڵکی کوردستان دەزانین بەهەموو چین و توێژەکانییەوە، ئەرکی ئێمە پاراستنی ماف و بژێویی ژیانی خەڵکە و رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت.
سەرۆک بافڵ وتیشی، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگ دەبین تاوەکو لەچوارچێوەی یاسا و رێکارەکاندا کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان چارەسەر بکرێت، بێگومان پابەند بە رێنماییەکانی هاتوچۆ و ئاسایش ئەم کارە دەکرێت و دەبێت یاسا وەک یەک بەسەر هەموواندا جێبەجێبکرێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆک بافڵ رایگەیاند، نابێت لە کوردستاندا مافی هیچ توێژێکی کۆمەڵگە پێشێلبکرێت و نادادییان بەرامبەر بکرێت، پشتیوانیی هەمووان دەبین و هەرێمێکمان دەوێت تێیدا هەمووان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن و رێز لە مافەکانیان بگیرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا