زنجیرەیەک
کۆبوونەوە لە نێوان سەرکردەکانی هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لە
عێراق ئەنجامدراوە کە دەیانەوێت ئەم هاوپەیمانێتییە رێکبخەنەوە، لە کاتێکدا محەمەد
شیاع سودانی، سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە لایەنەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە، لە بازنەی
ئەو کۆبوونەوانەدا دوور خراوەتەوە.
رۆژنامەی
"ئەلعەرەبی جەدید" بڵاویکردووەتەوە، کە پشتڕاست کراوەتەوە سەرکردە
دیارەکان دەیانەوێت ئەم هاوپەیمانێتییە بەبێ سوودانی پێکبهێننەوە.
چەندین
کۆبوونەوە لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کراوە و ئەمەش وەک بەشێک لە
هەوڵەکان بۆ داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی
حکومەت ئەنجامدراون، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ناسەقامگیری ئەو هاوسەنگییانەی کە
بەهۆی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە دروست بوون، کە پێویستی بە هاوپەیمانێتییەکی
بەرفراوان هەیە.
بە وتەی
یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەم هاوپەیمانێتییە خۆی ئامادە دەکات
بۆ راگەیاندنی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی کە کاندیدی خۆی بۆ پۆستی
سەرۆک وەزیران دەستنیشان دەکات.
ئەم
سەرکردەیە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "ئەلعەرەبی جەدید" کە داوای کرد ناوی
ئاشکرا نەکرێت، پشتڕاستی کردەوە کە "پێکهێنانی ئەم کوتلەیە بەرەو پشت بەستن
بە لیستەکانی خودی ئەم کوتلەیە دەڕوات، بەڵام بە بێ بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی ئەوەی
کە ئایا هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی سوودانی دەگرێتەوە
یان نا."
ئەم
سەرکردەیە روونیکردەوە کە "لەنێو هەندێک لە سەرکردە دیارەکانی کوتلەکە،
بەتایبەتی مالیکی، مەیلی سیاسی هەیە بۆ دوورخستنەوەی سوودانی لە کوتلەی هەماهەنگی،
بۆ ئەوەی ئەو سەرۆکی حکومەتی داهاتوو نەبێت."
ئەو
جەختی کردەوە کە "ئەم پێشنیارە لە ئێستادا لە نێوان هێزەکانی کوتلەکەدا
دەستاودەست دەکرێت، بەڵام هێشتا پشتیوانی هەموو سەرکردەکانی بەدەست
نەهێناوە."
هەروەها
ئاماژەی بەوەدا کە "چوارچێوەی هەماهەنگی کورسی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی خۆی وەک
گەورەترین کوتلە رابگەیەنێت و کاندیدی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران پێشکەش بکات.
موختار
موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی کوتلەی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، بە نۆبەی
خۆی، رایگەیاند کە"دوور نییە بەبێ هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کوتلە
پێکبهێنین و پێویستیشمان بەوان نییە".
چاوەڕوان
دەکرێت پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراقدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو ببێتەوە.
ئەمەش لەوانەیە سیناریۆی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دووبارە بکاتەوە، کە تێیدا بەهۆی
ناکۆکییە سیاسییەکانەوە پێکهێنانی حکومەت نزیکەی ساڵێک دواکەوت.