رۆژنامەی شەرقول ئەوسەت بڵاویکردەوە،نووری مالیکی،
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دەسەڵاتێکی تەواوی لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی
هەماهەنگی شیعە پێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆکانی دیاریکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە (سەرۆککۆمار،
سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی حکومەت)، لەگەڵ پشتگیریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی
ئەنجومەنی وەزیران.
رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، کە ئەو کاندیدەی
مالیکی پشتگیری دەکات، بەهێزەوە پێش هەموو ناوەکانی تر کە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت
پێشنیازکراون دەکەوێت، و پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی مەرجی پێشوەختە کە لە
پەرلەمان لەسەری رێککەوتوون.
رۆژی شەممە، "حزبی دەعوەی ئیسلامی" رایگەیاند
کە بە کۆی دەنگ بڕیاری داوە نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزبەکە، بۆ
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کاندید بکات.
بەڵام سەرچاوەکان جەختیان کردەوە کە ئەم کاندیدکردنە
تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەی مالیکییە لە گفتوگۆکاندا و پشتگیریکردنی ئەو کاندیدەیە
کە بۆ پۆستەکە دیاریکراوە، هەروەها بۆ نیشاندانی ئەوەی کە دەسەڵاتدانی تەواو بە
مالیکی دوای سازشکردنی خۆی هاتووە لەسەر کاندیدبوون لە بەرژەوەندی کەسێکی تر کە
زیاتر پەسەندکراو بێت.
سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو کە کاندیدەکەی مالیکی، کە
ڕەنگە لە دەرەوەی حزبی دەعوەی ئیسلامی بێت، کۆدەنگییەکی بەرفراوانی شیعەی بەدەست
هێناوە دوای گفتوگۆ لە نێوان پارتە شیعە براوەکانی هەڵبژاردن، کە دیاریکردنی رۆڵی
هەر لایەنێک لەناو حکومەتی داهاتوودا لەخۆگرتبوو.
بەپێی سەرچاوەکان، مالیکی رۆژی شەممە چووەتە شاری
هەولێر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دیاریکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە،
بەڵام راگەیاندنی ناوی کاندیدی سەرۆکوەزیران تا پێش رێککەوتنی هێزە کوردی و
سوننییەکان لەسەر کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکانی تر ناکرێت.
شەرقول ئەوسەت دەڵێت، سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە کاندیدی
پۆستی سەرۆکی حکومەت پەسەندکراوی هێزە سوننی و کوردییەکانە، هەروەها ناڕەزایەتی
واشنتۆن یان تارانی لەسەر نابێت، کە ئەمەش وای لێدەکات ببێتە بژاردەیەک کە کۆدەنگی
لەسەر بێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی قبوڵکراو بێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە "چوارچێوەی
هەماهەنگی" مەرج دادەنێت لەسەر کاندیدەکە، وەک ئەوەی کە حزبی نوێ
دانەمەزرێنێت، یان ململانێی هێزە شیعەکان لەسەر دەسەڵات نەکات، کاریش بکات بۆ
چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و قەرزی گشتی کەڵەکەبوو، جگە لە هێورکردنەوەی شەقام و
رێگریکردن لە هەر ناڕەزایەتییەک، چ لە لایەن رەوتی سەدر بێت یان لە لایەن هێزە
مەدەنییەکانەوە.