نهێنی رێککەوتنی ئەحمەد شەرع لەگەڵ ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەر هەسەدە

درێژتر لە هەواڵ 22/01/2026

لەلایەن: دیدار

Alternate Text

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری نۆ سەرچاوە کە زانیارییان لەسەر کۆبوونەوە داخراوەکان هەبووە، بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دەستبەسەرداگرتنی خێرای ئەو ناوچانەی کە لەمێژ بوو لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بوون، لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵادا لە دیمەشق، پاریس و عێراق لە سەرەتای ئەم مانگەدا شێوەی گرت.

رۆیتەرز دەڵێت ئەمریکا نەبووەتە رێگر لە بەردەم ئۆپەراسیۆنێک کە بە شێوەیەکی رادیکاڵ هاوسەنگیی هێزی لە سووریادا گۆڕی، ئەوەش لەسەر حیسابی هاوپەیمانێکی پێشووی.

لە کۆبوونەوەی پاریس، بەرپرسانی سووریا پێشنیاری ئۆپەراسیۆنێکی سنوورداریان کرد بۆ گرتنەوەی هەندێک لە ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە و هیچ ناڕەزایەتییەکیان لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بەرەوڕوو نەبووەوە.

هەرچەندە یەخیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا وتی: "خۆم لە هەموو کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی پاریسدا ئامادە بووم، ئیسرائیل هەرگیز ڕەزامەندی لەسەر هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر کوردانی سووریا نەداوە. هەر بانگەشەیەک کە بڵێ ئێمە ئەوەمان کردووە، نادروستە."

بەرپرسێکی سووری وتی حکومەتی سووریا پەیامێکی جیاوازی لە تورکیاوە پێگەیشتووە کە واشنتۆن ڕەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنێک دژی هەسەدە دەدات ئەگەر پارێزگاری لە هاوڵاتیانی مەدەنی کورد بکرێت.

دوو هەفتە دواتر، هێرشەکە دەستی پێکرد و واشنتۆن دەستی کرد بە ئاماژەدان بۆ هەسەدە کە پاڵپشتییە لەمێژینەکەی دەکێشێتەوە؛ ئەوەش بەپێی وتەی دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی، یەکێک لە سەرچاوە سوورییەکان و لایەنێکی تری سووری کە ئاگاداری بابەتەکە بوون.

سێ سەرچاوەکە وتیان، لە ١٧ی کانوونی دووەمدا، باراک لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کۆبووەوە و پێی ڕاگەیاندووە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ شەرعدایە نەک هەسەدە. بەرپرسێکی هەسەدە ئەو گێڕانەوەیەی ڕەتکردەوە.

بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی و دوو بەرپرسی کورد وتیان، ئەمریکا دڵنیایی داوە بە هەسەدە بۆ پاراستنیان لە حاڵەتێکدا کە هێرشەکەی شەرع زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی کورد بگەیەنێت یان ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی زیندانیانی داعش ناسەقامگیر بکات.

کاتێک سەربازانی سووریا لەو ناوچەیە تێپەڕین کە سەرەتا پێشنیاری گرتنیان کردبوو، سوپای ئەمریکا داوای لێکردن پێشڕەوییەکانیان ڕابگرن و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئاگادارکردنەوەیان لەسەر هەندێک ناوچەی گرژییەکان هەڵدا. بەڵام ئەو کارانە زۆر کەمتر بوون لە چاوەڕوانییەکانی کورد.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی کە لە هەڵوێستی واشنتۆن ئاگادار کراوەتەوە و دوو سەرچاوەی تری ئەمریکی کە شارەزای سیاسەتەکانی وڵاتەکەن، رایانگەیاند کە شەرع لە قۆناغی کۆتایی هێرشەکەدا خەریک بوو زیادەڕۆیی بکات و دەرفەتەکە لەدەست بدات.

هێزەکانی ئەو بە خێرایی پارێزگاکانی خاوەن زۆرینەی عەرەبییان لە دەست هەسەدە دەرهێنایەوە و بەردەوام بوون لە پێشڕەوی. تا ١٩ی کانوونی دووەم، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە رۆژی پێشتردا، ئەوان گەمارۆی کۆتا شارەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردیان دابوو لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

ئەو سێ سەرچاوە ئەمریکییە وتیان کە ئیدارەی ئەمریکا تووڕە بووە لەوەی هێزەکانی سووریا ئاگربەستەکەیان پشتگوێ خستووە و ترسیان هەبووە لە روودانی توندوتیژیی بەکۆمەڵ دژی هاووڵاتیانی مەدەنیی کورد. دووان لە سەرچاوەکان وتیان یاسادانەرانی ئەمریکا بیریان لە سەپاندنەوەی سزا بەسەر سووریادا دەکردەوە ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رۆیتەرزی راگەیاند کە ئەمریکا "بە نیگەرانییەکی قووڵەوە" چاودێری پەرەسەندنەکانی سووریا دەکات و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەناو هەموو گروپە کەمینەکاندا بخەنە پێشینەی کارەکانیان."

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی لە دوا پێگەکانی کورد، شەرع رۆژی سێشەممە لەناکاو ئاگربەستێکی نوێی راگەیاند. وتی هێزەکانی پێشڕەوی ناکەن ئەگەر هەسەدە تا کۆتایی هەفتە پلانێکی تێکەڵبوون (بۆ ناو سوپای سووریا) پێشنیار بکات.

ئەو سێ سەرچاوە ئەمریکییە وتیان کە راگەیاندنە لەناکاوەکەی شەرع واشنتۆنی رازی کردووە و ئێستا ئەو "لەژێر فشار و لۆمە دەرچووە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا