ئیلۆن مەسک: لە چەند ساڵی داهاتوو شار لەسەر مەریخ و مانگ دروست دەکەین

هەمەرەنگ 09/02/2026

لەلایەن: دیدار

Alternate Text

ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، رایگەیاند کە کۆمپانیاکەی لە دەیەکانی داهاتوودا چەند شارێک لەسەر مانگ و مەریخ بونیاد دەنێت.

مەسک ئاشکرای کرد کە سپەیس ئێکس ئێستا سەرنجی خۆی گۆڕیوە بۆ دروستکردنی شارێکی خۆبژێو لەسەر مانگ و پێشبینی دەکات لە کەمتر لە 10 ساڵدا ئەم ئامانجە بەدی بێت.

دەربارەی گەشتکردن بۆ مەریخ، ماسک لە پلاتفۆرمی X نووسیویەتی کە پڕۆژەی دروستکردنی شار لەسەر ئەو هەسارەیە دوای پێنج بۆ حەوت ساڵی تر دەست پێ دەکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە گەشتکردن بۆ مەریخ تەنها هەر 26 مانگ جارێک دەبێت، ئەویش کاتێک هەسارەکان دەکەونە یەک راستەهێڵ و گەشتەکەش شەش مانگی پێ دەچێت، بەڵام بۆ سەر مانگ دەتوانرێت هەر 10 رۆژ جارێک موشەک رەوانە بکرێت و گەشتەکە تەنها دوو رۆژ دەخایەنێت.

بونیادنانی شارێکی تەواو لەسەر مەریخ بەپێی خەمڵاندنەکانی ماسک زیاتر لە 20 ساڵی پێ دەچێت. ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە ناوبراو هۆشداریی دا لەوەی سیستەمی زیرەکی دەستکرد فشارێکی زۆر دەخاتە سەر تۆڕەکانی کارەبای زەوی و رەنگە لە سێ ساڵی داهاتوودا ژێرخانی وزەی جیهان دووچاری پەککەوتن ببێت.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، ماسک پلانێکی بێپێشینەی راگەیاند بۆ گواستنەوەی هێزی پرۆسێسکردنی زانیارییەکان بۆ بۆشایی ئاسمان. پلانەکە بریتییە لە رەوانەکردنی یەک ملیۆن مانگی دەستکردی بچووک بۆ خولگەی زەوی کە بە یەکەی پرۆسێسەری وزەی خۆر کار دەکەن.

سپەیس ئێکس لە ساڵی 2002 لەلایەن مەسکەوە دامەزراوە و ئێستا پێشەنگی تەکنۆلۆژیای بۆشایی ئاسمانە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا