دانا
ئایدن، بەرهەمهێنەر و یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکی زنجیرەی بەناوبانگی "تاران"،
لە تەمەنی 52 ساڵیدا لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان، بە شێوەیەکی تەمومژاوی کۆچی
دوایی کرد.
میدیاکانی
یۆنان بڵاویانکردەوە؛ تەرمی دانا ئیدن لەو ژووری هۆتێلەدا دۆزراوەتەوە، کە لە 4ـی
شوباتەوە تێیدا نیشتەجێ بووە، براکەی ئیدن کاتێک تەرمەکەی دۆزیوەتەوە، ئاسەواری
شینبوونەوە و برینداری لەسەر مل و ئەندامانی تری جەستەی هەبووە.
هەروەها
باس لەوە دەکرێت کە بڕێک حەب لە ژوورەکەیدا دۆزراوەتەوە، هەر بۆیە پۆلیس فەرمانی
داوە پشکنینی وردی پزیشکیی دادوەری و تاقیگەیی بۆ تەرمەکەی بکرێت تا هۆکاری
ڕاستەقینەی مردنەکەی دیاری بکرێت.
هەرچەندە
دەنگۆی کوژران هەیە، بەڵام لایەنە فەرمییەکان دەڵێن لێکۆڵینەوە لە ئەگەری خۆکوشتنیش
دەکرێت، پۆلیس لە ئێستادا خەریکی پێداچوونەوەی کامێراکانی چاودێری و وەرگرتنی وتەی
کارمەندانی هۆتێلەکەیە.
کۆمپانیای
بەرهەمهێنەری زنجیرەی "تاران" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هیچ
بەڵگەیەک نییە کە دەستێکی تێکدەرانە یان پیلانگێڕی لە پشت مردنی ئەم بەرهەمهێنەرە
بێت؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوونەوە
کە گوایە تیرۆر کراوە.
دانا، لەدایکبووی ساڵی 1973ـیە، یەکێک بوو لە بەرهەمهێنەرە ژنە دیارەکانی ئیسرائیل و
کاری لەسەر چەندین پڕۆژەی ناسراوی وەک؛ Saving the Wildlife، Magpie و Shakshouka کردووە و لە ساڵی 2007 لەگەڵ شولا سپگل کۆمپانیای Donna
and Shula Productions دامەزراندووە و زنجیرەی بەناوبانگی تارانیش یەکێکە لە بەرهەمە ناسراوەکانیان.
زنجیرەی
"تاران" باس لە سیخوڕێکی مۆساد دەکات، کە بە ئەرکێکی نهێنی دەچێتە ئێران
بۆ پەکخستنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، ئەم زنجیرەیە لە ساڵی 2021 خەڵاتی
نێودەوڵەتی "ئێمی" بۆ باشترین زنجیرەی درامی بەدەستهێنا، وەرزی سێیەمی
زنجیرەکە لە کۆتایی 2024 لە ئیسرائیل پەخشکرا.