لە
ناخی هەسارەکەماندا، دەنگێک هەیە کە هەرگیز ناوەستێت، زانایانی بواری جیۆلۆجی و
بومەلەرزەزانی، دەستنیشانی سیگناڵێکی سەیر و لێڵیان کردووە، کە لە قوڵایی زەریای
ئەتڵەسییەوە سەرچاوە دەگرێت و بە وردییەکی ئەندازیارییەوە، هەموو 26 چرکە جارێک
دووبارە دەبێتەوە.
کاتژمێرێک
لەژێر ئاودا
ئەوەی ئەم دیاردەیەی لە ڕووداوە سروشتییەکانی دیکە جیاکردۆتەوە، ڕیتمە
سەرسوڕهێنەرەکەیەتی، سروشت بەزۆری ئاژاوەگێڕ و بێسەروبەرە، بەڵام ئەم
"ترپەیە" وەک کاتژمێرێک کار دەکات، ماوەی دەیان ساڵە ئەم دیاردەیە تۆمار
دەکرێت و ئامێرە هەستیارەکان لە کیشوەرە جیاوازەکانەوە هەستی پێ دەکەن، وەک ئەوەی
زەوی خاوەنی دڵێکی شاراوە بێت کە بە ڕیتمێکی دیاریکراو لێ دەدات.
شوێنپێی
دەنگەکە
دوای ساڵانێک لە بەدواداچوون، توێژەران توانیویانە بازنەی گەڕانەکەیان
تەسک بکەنەوە، هەموو ئاماژەکان پەنجە بۆ خاڵێک لە نزیک "کەنداوی غینیا"
لە ڕۆژئاوای ئەفریقا ڕادەکێشن، وا دەردەکەوێت سەرچاوەی ئەم وزە سەیرە لەو خاڵەی
زەریای ئەتڵەسیدا بێت.
شەپۆل
یان شتێکی تر؟
زانست هەوڵی داوە لێکدانەوەیەکی لۆژیکی بۆ بدۆزێتەوە، بەهێزترین
گریمانە ئەوەیە کە ئەم ترپەیە دەرەنجامی "ماچکردنی شەپۆلەکان و
وشکانییە"، واتە کاتێک شەپۆلە گەورەکانی زەریا بە بەردەوامی و هێزەوە خۆیان
بە بەستەرە کیشوەرییەکانی بنی دەریادا دەکێشن، جۆرێک لە لەرزین دروست دەکەن کە بە
توێکڵی زەویدا دەگوازرێتەوە.
نهێنییەکە
بۆچی وەڵامی نییە؟
ئەگەرچی تیۆریی شەپۆلەکان لۆژیکی دیارە، بەڵام وەڵامی پرسیارە گەورەکە
ناداتەوە؛ بۆچی ڕێک 26 چرکە؟ بۆچی 25 یان 30 چرکە نا؟ چۆن دەکرێت لێدانی شەپۆلی
دەریا هێندە ورد و ڕێکخراو بێت بۆ ماوەی دەیان ساڵ؟.
ئەم "لێدانە
دڵیەی زەوی" وەک یەکێک لە مەتەڵە کراوەکانی زانستی سەردەم ماوەتەوە، ئەمەش
سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرەڕای گەیشتنی مرۆڤ بە بۆشایی ئاسمان، هێشتا لەژێر
پێیەکانمان و لە قوڵایی دەریاکاندا، دینامیکییەتێک هەیە کە لە دەرکی ئێمە بەدەرە.