رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت" بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کردووە و رۆژی هەینی وەک دوا مۆڵەت دیاری کردووە بۆ کشانەوەی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە حکومەتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندا بێت، ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی عێراق بخاتە پێش هەموو شتێکەوە و رێگری لە پەلکێشکردنی وڵاتەکە بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان بکات.
ئەم بڕیارەی واشنتۆن لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری و بڕینی هاوکارییە داراییەکانی کردووە ئەگەر مالیکی بێتەوە سەر دەسەڵات، چونکە بە وتەی ترامپ سیاسەتەکانی پێشووی ئەو بووەتە هۆی هەژاری و سەرهەڵدانی داعش.
ئەمریکا دەتوانێت لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکان و بلۆککردنی داهاتی نەوت، فشارێکی گەورە بخاتە سەر ئابووری عێراق کە ئێستا بەهۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانەوە لە قەیراندایە.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، ئیدارەی ترەمپ بەڵێنی داوە ئەگەر سەرکردایەتییەکی کارا و بێ لایەن هەڵبژێردرێت، هاوکاری سیاسی و ئابووری زیاتری عێراق بکات و رێگە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی وەک شیفرۆن خۆش بکات بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا.
نێردەی ئەمریکا، تۆم باراک، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە تاران ناتوانێت پێداویستییەکانی گەلی عێراق دابین بکات و پێویستە حکومەتێکی جێگیر پێکبهێنرێت.
شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە "چوارچێوەی هەماهەنگی" لە بەردەم دوو بژاردەی سەختدایە؛ یان دەبێت لە کاندیدکردنی مالیکی پاشەکشە بکەن و کەسێکی وەک سوودانی یان عەبادی پێشنیاز بکەن بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن، یان بەرەو قەیرانێکی دارایی و سیاسی قووڵ هەنگاو بنێن.
بەردەوامبوون لەسەر کاندیدکردنی مالیکی مەترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و دابەزینی بەهای دینار و پەککەوتنی هەناردەی نەوتی لێ دەکەوێتەوە.