بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،
خانمی یەکەمی عێراق، ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان لەسلێمانی خزمەتەکانی خاتوو هێرۆ
ئیبراهیم ئەحمەدی لەئامێزگرت و دیارییەکی بەهاداری پێشکەش کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی خانمی یەکەم
بڵاویکردەوە: لەو رێورەسمەدا کتێبی دەنگیی (بەکورتی…نوسینی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)
بڵاوکرایەوە کە لە حەوت تراکی دەنگی پێکهاتوە و یەکەم بەرهەمی دەنگی ئێزگەی دەنگی
گەلی کوردستانە بەهاوکاری مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، باسکردنی ڕۆڵی مێژوویی
خاتوو هێرۆ لەسەردەمی خەباتی شاخ و تۆمارکردنی نەبەردییەکانی پێشمەرگە و شۆڕش، دوای
ڕاپەڕینیش وەک سیاسەتمەدار و نوسەرێکی بوێر و دامەزرێنەری چەندین ناوەندی گرنگی میدیایی،
بەشێکی تری ئەو رێورەسمە بوو کە تێیدا مەریوان مەسعود بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگی گەلی
کوردستان، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە دەنگییەی بەهەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد لەپێناو
پاراستنی میراتی ئەدەبی و ئەرشیڤکردنی نووسینەکاندا.
دواتر یەکەمین کۆپی کتێبە دەنگییەکە پێشکەشی
خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کرا.
کتێبی دەنگیی (بەکورتی… نوسینی هێرۆ ئیبراهیم
ئەحمەد) سەرەتا لەڕێگەی فڵاش میمۆری، دواتر لەکەناڵی یوتیوبی ڕادیۆکە، و لەقۆناغی
سێیەمیشدا بە شێوەی زنجیرە و ئەڵقەی دەنگی لە شەپۆلەکانی ڕادیۆی دەنگی گەلی
کوردستانەوە پەخش دەکرێت.

