دوای خامنەیی؛ یاسا و رێکارەکان بۆ دیاریکردنی رێبەری نوێی ئێران چین؟

درێژتر لە هەواڵ 01/03/2026

لەلایەن: دیدار

Alternate Text

بەپێی مادەی 111ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئەگەری کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی رێبەری باڵای ئێران، ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئەرکی لەسەرە کە لە زووترین کاتدا رێبەری نوێ هەڵبژێرێت و بە گەلەکەی بناسێنێت.

تا ئەو کاتەی رێبەری نوێ بە فەرمی دەستنیشان دەکرێت، ئەنجومەنێکی کاتی (شورای رێبەری) ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ.

ئەم ئەنجومەنە لە سەرۆک کۆماری ئێران (مەسعوود پزیشکیان)، سەرۆکی دەزگای دادوەری (موحسینی ئەژەیی) و عەلیڕەزا ئەعرافی وەکو کەسی سێیەمی ئەنجوومەنەکە دیاریکراوە، کە ئەندامی ئەنجومەنی پاسەوانی ئێران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانە.

لەبەر ئەوەی ئێستا دۆخی جەنگە، ئەگەر هەر یەکێک لەو سێ کەسە لە ژیاندا نەمابن یان نەتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، "ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکان" کەسێکی تر لە شوێنەکەی دادەنێت، بە مەرجێک زۆرینەی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە کاتییە کەسایەتیی ئایینی (روحانی) بن.

پێشتر سەید ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان ئاماژەی بەوە کردبوو کە لیستێکی نهێنی بۆ جێگرەوەکانی خامنەیی ئامادە کراوە و تەنها لەلایەن سێ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنەکەوە دەپارێزرێت.

ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا لە چەند کاتژمێر یان چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی شارەزایان رێبەرێکی نوێ رادەگەیەنێت، یان بۆ ماوەیەکی کاتی وڵات لەلایەن "ئەنجومەنی رێبەری"یەوە بەڕێوە دەبرێت تاوەکو دۆخە سەربازییەکە یەکلایی دەبێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا