Alternate Text

وەسێتنامەیەك هەشت سەعات بەر لە سێدارە!

مەریوان مەسعود‌ 23/03/2021

  لەم شەوانەی رابردوو، كاتێك بیرم لە گۆشەی داهاتووم دەكردەوە، هەمان كات بۆ جارێكی تر كتێبی (دیاری ئازادی- نامەكانی زیندانم) دەخوێندەوە كە زیاد لە 700 لاپەڕەیەو هەمووی دەقی ئەو نامانەن كە قارەمانەكانی كوردایەتی شەوێك بەر لە سێدارەدانیان لە زیندانەكان بۆ كەسوكاریان نووسیون، مەسەلەیەك هەیە دەڵێت : نامەكان گوڵاویان لێدەچۆڕا، بەڵام ئەو نامانەی لەو كتێبەدا هەن فرمێسكیان لێدەبارێت.

ئەم نامانە، هەر دانەیەكیان دەبێت زیاد لە جارێك بیخوێنیتەوە، چونكە یەكەمجار دەیخوێنیتەوە (شۆك)ت دەكات، دووەم جار لێی تێدەگەیت، بەراستی نامەكان زۆر مەزنن، كتێبەكە لە كۆكردنەوەی خاتوو (ئەمیرە محەمەد)ە، من لە گۆشەی ئەمجارە، هەوڵدەدەم شرۆڤەی یەكێك لەو نامانە بكەم، كە شەهید عوسمان فەرەج مارف وەكو وەسیەتنامە بۆ براكەی نووسیویەتی لە رۆژی 20/9/1977 لە زیندانی موسڵ تەنیاهەشت سەعات پێش لەسێدارەدانی، جگە لەمەش شیعرێكی بۆ دایكی نووسیوە كە وەكو دەڵێن بەرد دەكات بە ئاو، وا لێرە دەقی نامەكەتان بۆ دەخەمە روو، دوایی شرۆڤەی دەكەین:

«بسم اللە الرحمن الرحیم وەصیەت نامە برا گیان وەصیەتم ئەمەیە من رۆشتم خێر و خێراتم بۆ بكەن حورمەتی دایكم بگرن دڵی ئازار نەدەن حورمەتی زەینەب بگرن. ئەم 2 چكۆلەیەم بە جوانی بەخێو بكەن. حەمد بۆ خوا وەجاخم رۆشنە خەفەت مەخۆن دنیا مردنە، وە گەردنم ئازاد بكەن گەردنتان ئازاد بێ. چەند پارەیەك قەرزارم زەینەب دەیزانێ بیدەنەوە. وە دڵی خوشكە دڵسۆزەكانم نەشكێنن حورمەتیان بگرن، گەردنم ئازاد كەن وە بەهێی خوشكم بدەن بە شوو با گوناهبار نەبم برام. دەس لە مەكتەب هەڵنەگری واز نەهێنی. بەدایكم بڵێ لەسەر ئیشەكەی لانەچێ منداڵەكانیش ببەنە لای خۆی برام. هیچ عەیبی تیا نیە منداڵەكان لەسەر تۆیە جا لەبەرئەوە زۆر حەزئەكەم كە زەینەب مارە بكەیتەوە. چونكە مناڵەكان باشتر بەخێو ئەبن وە بە زەینەب بڵێ شوو بكات بە مستەفا وە ئەگەر ئەویش نەبوو هەر بە حەزی خۆی شوو بكات. برام لەدوای من خۆتان تێك مەدەن دنیا هەروایە چەندەهای وەك من ڕۆشتن، خوێندنی خۆت پەك نەخەی هەر بخوێنی هەتا ئەگەی بە نانی خۆت علاقەی هیچ شتێكت نەبێ. وە بە خزم و كەس و كارم بڵێن گەردنم ئازاد كەن گەردنیان ئازاد بێ. دوعای خێرم بۆ بكەن، لە ڕەفیق و برادەرانم گەردنیان ئازاد بێ گەردنم ئازاد بكەن وە باقی ئەهلی دێ. ئەوەی كە دیومە ئەیناسم گەردنی ئازاد بێ وە پێیان بڵێ گەردنم ئازاد بكەن . ئیتر خاڵە گیان برا گیان ئێوە سەروەسیەتی من بن خۆتان منداڵی خۆتانە. وە چۆنی بەخێو ئەكەن كەیفی خۆتانە. وە زەینەب گەردنم ئازاد بكات گەردنی خۆش و ئازاد بێ. خۆشەویستیەكەمان بۆ ئەو دنیا هەڵئەگرین. وە پورەكانم گەردنیان ئازاد بێ گەردنم ئازاد بكەن، دوعای خێرم بۆ بكەن. وە ئیتر بەخواتان ئەسپێرم.

خۆشەویستان «

ئەم نامەی شەهیدە، هەموو ماناكانی نامە لە خۆدەگرێت، نامەیەكە، هیچ شتێكی تێدا لە بیرنەكراوە، دایكی، مناڵەكانی، ژنەكەی، خوشكەكانی، براكەی، كەسوكار، رەفیقەكانی، ئەهلی گوند، قەرزەكانی، دایكی دەست لەئیش هەڵنەگرێ‌، خوشكەكانی بدات بەشوو، مناڵەكانی بەخێوبكات، قەرزەكانی بۆ بدەنەوە، براكەی واز لە خوێندن نەهێنێت، لەهەمووی كارەساتتر ئەو دێڕەیە كە داوا لە براكەی دەكات بۆ ئەوەی شیرازەی خێزانەكە تێكنەچێت ژنەكەی مارە بكاتەوە!! و هەمان كات بە ژنەكەی دەڵێت: (خۆشەویستیەكەمان بۆ ئەو دنیا هەڵئەگرین).. ئەی هاوار بە ماڵم لەو نامەیە، بەخوا لەوە زیاترم بۆ نانووسرێت، هیوادارم ئێوەش بەلایەنی كەم دووجار نامەكە بخوێننەوە!.