Alternate Text

کێ ئازایە خۆی بە فڕۆکەدا هەڵنەواسێت؟

کیانووش نەسرەدین‌ 23/03/2021

لە چەند رۆژی رابردوودا وتەبێژی تاڵیبان وتی: ئەگەر لە ئێرانیش بووترێت خەڵک بە فڕۆکە دەبرێت بۆ ئەمریکا، خەڵکی بە فڕۆکەدا خۆیان هەڵدەواسن.
تێفکرینێکی کەم واتلێدەکات بڵێیت، ئەم قسەیەی وتەبێژی تاڵیبان چەند راستە، بەڵام نەک تەنها بۆ ئێران، بەڵکو بۆ زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش کوردستان، کێ هێندە ئازایە لەم هەرێمە هەواڵی ئەوە ببیستێت فڵان فڕۆکە خەڵکی دەبات بۆ ئەمریکا و هەوڵ نەدات خۆی پێدا هەڵبواسێت؟
پێم وایە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە گەر پێمان وابێت دانیشتووانی ئەفغانستان تەنها بەهۆی ترسیانەوە لە حکومڕانی تاڵیبان ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەکی لەوشێوەیەوە، دەیان هەزار گەنج لە کوردستان هەن نەک فڕۆکە گەر پێیان وابێت باڵندەیەک دەیانگەیەنێتە وڵاتێکی رۆژئاوا هەوڵ دەدەن خۆ بە قاچییەوە هەڵبواسن.
رۆتینات و زەحمەتی و پێچ و تەنگ و سەختی رێگاکان لەم هەرێمە و هاوشێوەکانی کێی ناچار نەکردووە بیرێک لە رۆیشتن بکاتەوە؟!
هیچ پاڵەوانێک نابینیت لەم شارەدا زۆرینەی ئێوارەکانی بە ئاسودەیی تێپەڕاندبێت.

ئەوەی لێرە خەڵکی هێشتووەتەوە یان خێزانە یان نەبوونی پارەی پێویستە بۆ رۆیشتن و یاخود بیر و باوەڕی ئاینییە، تازە نەک گەنج، منداڵەکانیشمان لەوە دەرچوون مامۆستاکان بە قسەی باق و بریق و کێشانی تابلۆی خەیاڵ هیوایان بەرامبەر نیشتیمان بۆ دروستبکەن، وەک فەرهاد پیرباڵ لە کتێبی "سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلڵ"دا دەڵێت: ئینسان لە هەرکوێیەک لوقمە نانێکی دەستبکەوێت، خەڵکی ئەوێیە.

ماندووین..، هەزارجار بە ئومێدی ئاوێکی سازگار ئەم زەوییەمان هەڵکەند و ئەوەی دەستمانکەوت تەنها گڕکان بوو.
بە هیوای بینینی دیمەنێکی جوان چووینە سەر لوتکەی چەندین شاخ و ئەوەی بینیمان تەنها شەڕ و خوێن بوو.
ئێمە کە بەرگە دەگرین لە بەهێزیمان نییە، بەڵکوو لە ناچاریمانە، هەڵبەت "ئێمە" ئەوانە دەڵێم کە لە ئێمەن، ئەوان لە هیچ شتێکدا لە ئێمە ناچن، تەنانەت گاڵتەشیان بە بیرۆکەی جێهێشتنی ئەم وڵاتەش دێت، بۆچی واش نەبن؟ ئەوان هەرکات و بۆ هەرکوێیەک بیانەوێت دەڕۆن.