Alternate Text

هۆیەکانی پشت کارەکانی گۆڤەند و ژمارە تۆقێنەرەکان

عەبدولڕەحمان عەلی رەزا‌ 23/03/2021

ئەوەی چەند رۆژێکە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و بۆتە باس وخواسی رۆژ ، پەشیمانبوونەوە و تەوبەکردنی چەند گەنجێکە لەهەردوو رەگەز لەسەر دەستی گۆڤەند ناوێک لەبەرامبەر هەڵەکانیاندا و خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان ، ئیتر ناوەکە خوازراوە یان راستی ئەوە هیچ لەبابەتەکە ناگۆڕێت. ئەو رووداوگەلانە لەکۆمەڵگایەکدا کەنەتوانێت هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیادا بڕوات شتێکی چاوەڕوانکراوە و نەعەجیبە و نەغەریبیش.

لەڕاستیدا ئەوەی ڕوویداوەو ئەوەشی دواتر روودەدەن ، رووداوگەلێکی ترسناک وپڕ مەترسین ونامۆن بەکلتوروداب ونەریتی کۆمەڵگای کوردەواری ، کە ناکرێ وابەسانایی لێی بڕوانرێت، وتەنها گوێ قوڵاخبین لەبەرامبەریدا بەڵکو پێویستمان بەهۆشیاربونەوەیەکی گشتی هەیە لەچۆنیەتی بەکارهێنان وکارپێکردنی تۆڕەجیاوازەکۆمەڵایەتیەکان وهۆکارەکانی تری پەیوەندیکردن. ئەم رووداوە و رووداوە هاوشێوەکانی دیکە کەڕوودەدەن لەخۆڕا ڕویان نەداوە و کۆمەڵەهۆکارێک کاریگەری تەواویان هەیەو هەبووە لەڕوودانیان . ئاخەر لەعێراقێکی (٤٠)چل ملیۆن کەسیدا (٣٠)ملیۆن و( ٥٢٠) هەزار کەسی هێڵی ئینتەرنێت بەکاربهێنن بەبێ هیچ چاودێری وفلتەرێکدا چۆن ڕۆژانە کاری لەوشێوەیە ڕوونادات ، عێراقێک ( ٢٠) ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک،و(١٣)ملیۆن ئینستاگرام ،(١١)ملیۆن و( ٢٥٠)هەزارسناپ چات،و( ١٧)ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبوک ماسنجەری هەبێت دەبێت چاوەڕوانی شتی نامۆتری لێ بکرێت .

دەزانیت عێراق تاساڵی ( ١٩٩٠) تەنها دوو کەیسی ماددەی هۆشبەرلەدادگاکانیدا بەفەرمی هەبووە ، و گەر لەساڵانی ڕابردووشدا لەدەزگاکانی ڕاگەیاندندا کەگوێمان لێدەبوو کەسێک بەچەند غرامێک ماددەی هۆشبەر یان چەند دەنکە حەپێکەوە گیراوە رادەچڵەکین ، کەچی هەرچەندمانگێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەکارەکان لەشاری هەولێر رایگەیاند کەلەچالاکییەکیاندا بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردوە کەخەڵکی تورکیایەودانیشتوی هەولێرە ،وبڕی ( ١٨٤)قاڵب مادەی هۆشبەری لەجۆری هێرۆینی پێ بوە کەدەکاتە ( ٩٢)کیلۆ و کەسیش رانەچڵەکی وبەشتێکی ئاسایی وەرگیرا، ئەمەجگە لەوەی کە ڕۆژانەومانگانەوساڵانەش ڕێژەکان لەهەڵکشانی بەردەوامدان بەوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بوارەکە.

چۆن کارەسات نیە لەهەرێمێکی چەندشاریدا لەماوەی هەردووساڵی ( ٢٠١٩ ، ٢٠٢٠)و ( ٤)مانگی ساڵی ( ٢٠٢١) نزیکەی ( ٤٦)هەزار کەس پەیوەندییان کردوە بەهێڵی گەرمی ( ١١٩)ی چارەسەری گرفتەخێزانی وکۆمەڵایەتیەکانەوە ،کەلە ( ٧٦٪)یان لەڕەگەزی مێ بوون. لەوەش کارەساتتر ئەوەیە کەهەرلەوماوەیەدا ( ٦٠٧٥) شەش هەزاروحەفتاوپێنج کچ و ژن هەڕەشەی ئابڕووبردنیان لێکراوەبەبڵاوکردنەوەی وێنەوڤیدیۆکانیان کەلای پیاوان بوون ،و بەهۆیانەوە چەندین کێشەولێکترازان وهەڕەشەوتەنانەت کوشتنیشیان لێ کەوتۆتەوە ، بەدڵنیایشەوە چەندین هێندەش لەوڕێژەیە زیاتریش هەن وئاشکرانەبون وبەشاراوەیی تائێستا ماونەتەوە .

لەوەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کەلەدوومانگی ڕابردوودا پۆلیسی بەغداد لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ کەمەفرەزەکانیان توانیان کچێک دەستگیربکەن کەوێنەو ڤیدیۆوتۆماری دەنگی هاوڕێ کچەکانی لەبەشی ناوخۆیی لابوەو هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیانی کردوە گەر بێتوو پارەوزێڕی نەدەنێ ، ئەمە پێماندەڵێت کە ئەم جۆرەکارانە خەریکە بەتەواوی دەبێتە جۆرێکی تری بزنس کردن کەجۆرێکی ئێجگار ترسناکە. ڕەنگە دەیان هۆکار هەبن کەڕۆڵ وکاریگەرییان هەبێت لەسەر بەشێکی ئەو ڕووداوو کارە نەشیاوانە لەنمونەی بێکاری ، هەژاری ، گەندەڵی ،ودروستکردنی دونیای جیاواز لەنێوان چین وتوێژەکانی کۆمەڵگادا ، ئەمەجگەلەوەی کەبەشێک لەدەزگا ڕاگەیاندنەکان هەندێ فیلم ودرامای دۆبڵاژکراوی وا نمایشدەکەن کەنەک ڕۆڵیان نیە لەهۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای کوردیدا بەپێچەوانەوە بونەتە هۆکاریش بۆدروستبونی کێشەوناکۆکی وتێکچونی شیرازەی بەشێک لە خێزانی کوردی بەدروستکردنی ژیانێکی شاهانە تەنها لەسەر شاشەی تیڤیەکاندا، کەلەسەر ئەرزی واقیعیدا بونی نیە ، لاسایکردنەوەش دەردێکی تری کوشندەی ناومانە ، بڕوادەکەیت یان نا ساڵانە نزیکەی (٣٠٠)هەزارکەس لەم هەرێمەخنجیلانەیەدا جوانکاری جۆراوجۆردەکەن ، کە من لام ئاساییە گەرکەسێک پێویستی بە جوانکاری بێت بیکات بەڵام لەئێستادا لەئاسایی دەرچوە. بەداخیشەوە نەمانتوانیوە بەگشتی ،و وەک پێویست سود لەلایەنە گەش وباشەکانی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوەربگرین.

بۆیە ناکرێت هەموو هەڵەو کارە ناجۆروبێزراوەکان بخەینە ئەستۆی کۆمەڵگاو بڵێین کۆمەڵگا هەمووی شێواوە،وناتوانرێت بخرێتەوە سەرسکەوڕێڕەوی خۆی ، (ئەلبێرت ئەنشتاین )دەڵێت [ ئێمە هەموو کێشەوناشیرینیەکان دەخەینە ئەستۆی کۆمەڵگا، بەڵام ئایا کۆمەڵگا کێیەو لەکێ پێکهاتوە ]. بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگا لەمن وتۆو ئەوانی ترپێکهاتوە ، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکیەتی لە من وتۆو ئەوانی تریش کە هەوڵی پێشخستنی لایەنە گەش وجوانەکانی بدەین ،و دیاردە قێزەون وناشیرینەکانی کەمبکەینەوە. ئەرکی سەرەکیش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان کەهەستن بەڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان بۆبنبڕکردنی دیاردە نامۆکان لەکۆمەڵگادا . هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی کەژمارەیان چەندهەزارێکە لەهەرێم دەتوانن کاریگەری باشیان هەبێت لەم ڕوەوە .

ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە ،ئایا تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی هیچ پەندوعیبرەتێک لەو ڕوداوانە وەردەگرێت ؟ ئایا دەتوانین ئەو هەڵە زۆروزەوەندانە بکەینە وانەیەک بۆفێربوون ومامەڵەکردنمان لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان؟ پەندێک هەیە،کە ڕوولەمارەو دەوترێت [ جارێک پێوەتدام بەسندانت بێت ، کەکردت بەدوان نۆشی گیانت بێت ] هەڵەدەکرێت ، مرۆڤ لەکێشەوئاڵۆزی تێوەدەگلێت ، بەڵام گرنگە ببێتەوانەیەکی فێرکاری بۆی لەژیانیدا . (پاولۆکۆیلۆ)دەڵێت [ دووبارەکردنەوەی هەڵە چیتربەهەڵە هەژمارناکرێت بەڵکو دەبێتە بڕیار ] بەهیوای بنیادنانی کۆمەڵگایەکی پێگەیشتو،و تێگەیشتو کۆمەڵگایەک کەبتوانێت بەشێوازێکی ئاسایی ویاسایی لەگەڵ ڕەوڕەوەکانی ژیاندا ڕێ بکات،و نەپاشی بکەوێت نەپێش .