Alternate Text

بافڵ تاڵەبانی رێگری لە کــــــودەتا کرد

ئاراس محەمەد ئاغا‌ 23/03/2021

- زۆرگرنگ بوو لەم كاتەدا كە بافل تاڵەبانی لەزاری خۆیەوە هەموو ڕاستییەكانی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە دەنگدەرانی یەكێتی لە دڵەڕاوكێ‌ ڕزگاركرد.

-پەیامەكانی ( بافل تاڵەبانی) هاوسەرۆكی یەكێتیی نيشتمانیی كوردستان زۆر ڕاستی تیادا ڕوونبوویەوە كە پێشتر لای هاووڵاتیان بە گشتی و هەواداران و دەنگدەرانی یەكێتی بەجۆرێك لە گوومان مابوونەوە، ئەمەش كارێكی زۆر گرنگ بوو كە (بافل تاڵەبانی) لەم كاتەدا ئەنجامیدا بۆ ئەوەی دەنگدەرانی یەكێتی بە بێ‌ دوودڵی كار بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی بكەن و بزانن هۆكاری ڕووداوەكانی دوای هەشتی تەمووز چیی بووە.

-گرنگییەكی دیكەی ئەو پەیامانەی (بافل تاڵەبانی) لەوەدابوو كە تەنها لە دەزگا ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی پەخش نەكراو یاخود تەنها دەزگاڕاگەیاندنەكانی یەكێتی بانگهێشتی ئەو دیدارە نەكرابوون بەڵكوو ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەش بانگهێشتكرابوون كە لەوانەیە لەگەڵ سیاسەت و كاركردنی یەكێتی زۆر جیاواز بن، بەڵام بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەك ڕوونبێتەوە كە (بافل تاڵەبانی) بۆچی بەم گۆڕانكارییانە هەستاوە لە زاری خۆیی و لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی جیاواز ڕاستییەكانی بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان گەیاند.

-ئەو گومانانەی كە پێشتر لەسەر خودی ( بافل تاڵەبانی ) دروستكرابوو كە گوایە ئەمە كودەتایە یان هەر بابەتێكی دیكە، لە پەیامەكانی شەوی ڕابردووی ئەوە دەركەوت كە بافل تاڵەبانی نەك كودەتای نەكردووە بەڵكوو ڕێگری لە كودەتا كرد وەك ئەوەی كە خۆی ڕوونیكردەوە، بۆیە بە گشتی دەتوانین ئەوە بڵێن كە ئێستا یەكێتی كەتووەتەوە سەر ڕێڕەوەی ڕاستەقینەی خۆی.