گرنگیی هاوپەیمانێتی
هەوراز محەمەد 23/03/2021
خەباتی لە مێژینەی گەلی كورد، لە یەكەم چركەساتەكانی هەستكردن بە ستەم و دروستبوونی بیری شۆڕشگێڕانەی بەرگری و تێكۆشان لە پێناوی بەدیهێنانی داخوازییەكان و گەیشتن بە رێگای ئازادی، لە شێوە و فۆڕمی جیاوازدا، بەپێی قۆناغە مێژووییەكان، لە بۆتەی پارت و رێكخراو و جووڵانەوەی جیاواز جیاوازدا خۆی مانیفێست كردووە، بەڵام ئەگەر بە وردی ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە، سەرجەم ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون، بەرهەمی یەكگرتوویی هێزەكانی كورد و سەرجەم شكست و كارەساتەكانیش بەرهەمی لێكترازان و پشێویی نێوماڵی كورد بوون.
لەم تێڕوانینەوە، گرنگە راپەڕینی گەلی كورد لە باشوور بەیاد بهێنینەوە، بەوەی پێكەوەیی و دروستبوونی بەرەی كوردستانی بووە هۆی یەكخستنی دەنگ و رەنگی كورد و كوردستانی عیراقی كرد بە خاوەنی قەوارەیەكی یاسایی و لەگەڵیشیدا پەرلەمان و حوكمڕانی خۆجێیش.
لەبەرامبەردا، بەداخەوە شەڕی ناوخۆ زیانی زۆری بە ناوبانگ و دەستكەوتەكانی شۆڕشی كورد گەیاند، پاشان لە قۆناغێكی تردا ئاشتەوایی و رێكخستنەوەی ئیدارەی هەرێم و تەبایی نێوماڵی كورد و خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی كەوتنی رژێمی بەعس، كوردی بردە پێشەوە و جارێكیتر ئەو پێكەوەبوونە لەسەر ئاستی ناوخۆ بوژانەوە و لەسەر ئاستی عیراقیش چەسپاندنی فیدراڵیزم و پشكی بودجەی كوردستان و لە سەروو هەمووشیانەوە بە یاساییكردنی خواستەكانی كوردی لە رێگەی دەستووری عیراقەوە، لێكەوتەوە.
ئەو دەستوورەی تاكە گەرەنتی زۆرێک لە مافەكانی ئەم گەلەیە، دیسان بەرهەمی پێكەوەیی و هاوپەیمانی و ئاشتەوایی نێوماڵی كوردە، بەڵام پەرتەوازەیی زیانی بە دۆخی سەقامگیریی ناوخۆ و باری گوزەرانی هاووڵاتیان گەیاند، لە دەرەوەشدا ئەم پەرتەوازەییە هەم زیانی بە ناوبانگی ئەزموونەكە گەیاندووە و هەمیش وایكردووە خواستەكانی گەل بەدی نەیەن.
جارێكیتر یەكێك لە نیشانەكانی بەهێزیمان، پێكەوەبوونمان بوو لە شەڕی داعشدا، كاتێ پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان هەموو بوونە یەك رۆح و یەك جەستە، نەك بە تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بەفریای خوشك و براكانیشیان كەوتن لە رۆژئاوای نیشتمان، ئەم پێكەوەییە موعجیزەی بەدەستهێنانی دەستكەوتەكانە، دیسانیش بە داخەوە ترازانی جارێكی دیكەی نێوماڵی كورد، لە دەرەنجامیدا لەدەستدانی نیوەی خاكی نیشتمان بوو.
ئێستاش یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لە سۆنگەی خەمخۆرییان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتكراوەكان و لەپێناوی ئارامی و سەقامگیریدا، هاوپەیمانیی كوردستانیان راگەیاندووە، كە ئاماژەیەكی مژدەدەرە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان و ئارامی و پێكەوەیی نێوماڵی كورد، بەهیوای فراوانتربوونی بازنەی هاوپەیمانییەكە و باڵكێشانی سایەی ئەم هاوپەیمانییە بەسەر تەواوی هێز و پارتە نیشتمانییەكانی تردا، تا جارێكیتر لە بەغدا كورد ببێتەوە بە یەك دەنگ و یەك رەنگ و چیتر ئەوانیتر نەتوانن گەمەی خۆیان لە نێوماڵی كورددا بكەن. بەشداریی فراوانی هاونیشتمانیانیش پێگە و سەنگی هاوپەیمانی بەهێزتر دەكات.
بۆیە دەڵێین پێكەوە بەرەو پاراستنی دەستكەوتەكان، پێكەوە بەرەو بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتكراوەكان، پێكەوە بۆ بە یاساییكردنەوەی پێگەی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكانی خاكی نیشتمان، پێكەوە بۆ سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستان.