Alternate Text

کۆنگرەی ئاشتی عێراق- ئیسرائیل

دڵشاد ئەنوەر‌ 23/03/2021

کۆبوونەوەی ژمارەیەک عەرەب لە هەولێر و بەستنی کۆنگرەیەک لە ژێر ناونیشانی ( کۆنگرەی ئاشتی عەرەب- ئیسرائیل)، ئەمڕۆ جارێکی تر، گرژی لە نێوان هەولێر و لایەنە عێراقیەکان لێکەوتەوە.

گرژیەکە بەلێدوانی توندی بەرپرسانی لایەنە شیعەکان دەستیپيکرد و پێناچێت بە ئاسانیش دامرکێتەوە، ڕەنگە تەداعیاتی ئەم کۆنگرە، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر دەربکەوێت و هەرێم بخاتە ژێر فشاری گەورەترەوە، گەر فریا نەکەوێت و دۆخەکە هێور نەکاتەوە. کۆنگرەکە، جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتێکی کەنداویەو پێشتر هەندێک لە بەشداربووانی چوونەتە ئەو وڵاتە، ئامانجیش لێی فشار خستنە سەر ئێرانە.

ئەوان کۆنگرەی خۆیان کرد و وڵاتە کەنداویەکەش، دەوڵەتە و زۆر گوێی بە تەداعیات و لێکەوتەکان نیە، چونکە خۆی نێوانی هەر خراپە لەگەڵ ئێراندا، بەڵام پرسیارە جدیەکە ئەوەیە، هەولێر بۆ بووە بەشێک لەم کێشمەکێشەو خۆی توشی گرفت کرد! بەرپرسانی هەرێم بەدووریان زانی کاردانەوەکان هێندە توند و خێرا بن، تەسەوری ئەمەیان نەکرد، بۆیە کاتێک کاردانەوەکانیان بینی، بێ ئاگایی خۆیان نیشاندا و خۆیان لە مەسەلە بێبەری کرد، بەڵام ئەم خۆبێبەریکردنە پاساوێکی لاوازەو موقابیل وردتر لەمەسەلە دەڕوانێت.

وەلحال، کۆنگرەکە شتێکی ڕەمزی و بێ ئەنجام بوو، بەڵام لێکەوتەکانی بۆ هەرێم خراپ دەبێت، کە ڕەنگە دوای هەڵبژاردن زیاتر بۆمان ڕوونبێتەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە، هەرێم چ سودێک دەبینێت لەوەی ببێتە بەشێک لە ململانێی ناوچەکە، جگە لە زیادبوونی فشار و کەڵەکە بوونی گرفتەکانی سەری؟