Alternate Text

کوەیتەکەی کاك کۆسرەت و دوبەییەکەی پارتی

هەژار سدیق‌ 23/03/2021

کاك کۆسرەت وەك سەرکردەیەکی دلێر و بوێری کوردایەتی، دوای پەیوەندیکردنی بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا، هاوکێشە سەربازی و سیاسیەکانی لەسەر ئاستی کوردستان بەگشتی و ئاستی پارێزگای هەولێر بەتایبەت، بەشێوەیەك لەبەرژەوەندی شۆڕشی نوێی گۆڕی، لەمێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا بێ وێنەبوو.

لە ئازادکردنی شاری هەولێریشدا، کە سەنتەری حوکمی زاتیە کارتۆنیەکە و فەیلەقی پێنج و ئەمنی شیمالی بەعس بوو، کاك کۆسرەت، سەرکەوتنی ڕاپەرینی کردە ئەمری واقیع، ئەگەر لەبەر هەندێ هاوکێشەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی نەبووایە، دوای ئازادکردنی هەولێر، ڕژێمی بەغدا کۆتایی هاتبوو.

لەسەردەمی سەرۆکایەتی کابینەی حکومەتیشدا ، وەك چۆن لەخەباتی چەکداریدا داهێنەرو ڕەچەشکێن بوو، لە دەوڵەتداریشدا، سەرەڕای گەمارۆی ئابوری نێودەوڵەتی و ڕژێمی بەعس، گەورەترین داهێنانی لەحوکمڕانی نوێی کوردستانیدا کرد، بەقسەی خۆمان نا ، بەڵکو ئەوە قسەی خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عیراق بوو، کە لەم سەردەمەدا، بەهەرێمی کوردستانیان دەگوت، کوەیت.

ئەگەر شەڕی ناوخۆ و دەستکێشی بێگانە نەبووایە، پێشکەوتن و بوژانەوەی زۆر گەورە بەدیدەهات. بەڵام کابینەکانی پارتی بەم هەموو سەرچاوە زۆرەی داهات و گەشەی ئابوریش، تەنیا چەند کیلۆمەترێکیان، لەهەولێر بۆ خۆیان کردە دوبەی، هەولێریش لەهاوین بێ ئاو و کارەباو بێ خزمەتگوزاریە و شەقامەکانیشی لەزستاناندا بەرگەی یەك سعات باران بارین ناگرێت.