Alternate Text

بردمانەوە و دەستتان ماچ ئەکەین

ئاری هەرسین‌ 23/03/2021

هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ پەرلەمانی عێراق سەرباری کەموکوڕی لە شێوازەکەی و نیگەرانی هەندێک لایەنی سیاسی لە سیستەمی بەرتەسککردنەوەی دەنگدان لە شێوازی بازنەکان کۆتایی پێهات.

ئێمە یەکەم بووین و بردمانەوە بردنەوەیەک کە بەئاستێکی بەرز ووزە بەخشە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتومان.

هەر بژین و پایەدار بن هەڤاڵانمان لە ئۆرگانەکانی حیزب، بنکەکان و رێکخراوەکان و ناوچەکان زۆرترین قورسایی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆ گرت و پێشمەرگە ئاسا نەسرەوتن لە ئیشکردنی جددی و شەونخونی. دەستی یەک بە یەکیان ماچ ئەکەین و هەمیشە پایەدار بن و لە بەڵا بەدوور بن. هەڤاڵانی بارەگای لقەکان ماندوو نەناسانە بە تەواجودی خۆیان لە بارەگای لقەکان و سەرپەرشتی و چاودێری کردن لەگەڵ ناوچەکان مەبدەئیەتی حیزبایەتی بە تیمیان جێبەجێکرد. ئیتر هەر لە ئەندام و کادرێکی بارەگای لقەوە بگرە هەتا دەگاتە ئەندام مەکتەب و کارگێڕەکان. دەستی یەک بە یەکی ئەوانیش ماچ ئەکەین. لە لایەکی ترەوە بەرپرسانی لق بە رابەرایەتییەکی دروست و متەوازیع هاوسەنگیان لە نێوان دیسپلین و ئیبداعی تاکە کەسی و ئازادی جموجۆڵی حیزبایەتی رەخساند.

دەستی یەک بە یەکی ئەوانیش ماچ ئەکەین. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە دەستی بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین و ئێستا ماچ ئەکەین و ئەوان هەمیشە سەروەری ئێمەن. ئیتر گرنگ نیە کاندیدی سنوری چ لقێک دەرچوە یان دەرنەچووە. گرنگ ئەوەیە ئێمە پێکەوە سەرکەوتین و سەرکەوتنەکەش سەرکەوتنی هەموو لقەکانمانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. هیچمان بەتەنیا سۆپەرمان نین، بەڵام پێکەوە موعجیزە ئەخوڵقێنین. بەم سەرکەوتنە، لە سنوری ئەم دیو دێگەڵە، رێکخستنەکانی ئێمە مەسجێکی روونیان رەوانەی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کرد. مەسجێک کە سەلماندنی وتە بەپێزەکەی جێگری سەرۆکی پارتیمان هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی بوو کە لە سلێمانی ووتی: `` ئەو سەردەمە بەسەرچوو هەندێک لایەن و کەس لەسەر حسابی ناشرین کردنی ئێمە دەنگ بۆخۆیان کۆ بکەنەوە``.

هەگبەی بەتاڵیش بە قسەی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک و پووچ پڕ ناکرێت. ئیرهابی فکری لە سلێمانی لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڤایرۆسێک و تەلیسمێکی دزێو بوو. ڤایرۆسەکە مەفعولی نەما و، تەلیسمەکەش شکاو بوو بە هەزار پارچەوەو خورد و هاش بوو. ئەم سەرکەوتنە بۆ ئێمەی پارتی سەرەتایەکە بۆ دەستپێکی داهاتوویەکی گەش پێکەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانیتر. دوای ئەم سەرکەوتنە پێویستمان بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنە. نابێت لێک دوور بکەوینەوە. نابێت لەسەر بنەمای مفاوەزەکانی رابردوو قسە لەگەڵ یەکتر بکەین.

چونکە لە دونیای سیاسەتدا هەموو مفاوەزەیەک وەک ئەوە وایە بۆ یەکەم جار مفاوەزات بکەین. لوت بەرزی و ڕق و کینە نامانگەیەنێتە هیچ شوێنێک. ئێمەی پارتی بەم بردنەوەیە نە لە خۆمان گۆڕاوین و نە لوتیشمان بەرزبووەتەوە. ئێمە بردنەوەی پارتی بە بردنەوەی کوردستان ئەزانین، بۆیە هەمومان براوەین. دواجار سوپاس بۆ سەرۆکایەتی حەکیمانەی ئەزیزم سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئیلهام بەخشی کوردایەتی و مەبدەئی بۆ کوردستان ژیانە و دەستی جەنابی بەڕێزیان ماچ ئەکەین. سوپاس بۆ برای ئازیزمان کاک مەسرور بارزانی و تیمەکەی لە ئەنجومەنی وەزیران کە جگە لە ئاسانکاری و خزمەتگوزاری هیچ تەداخولێکیان لە پڕۆسەکی هەڵبژاردندا نەکرد. خوایە خاکی پیرۆزی کوردستان هەر ئاوەدان.